ڕاگەیاندن

بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە ڕێورەسمی یادکردنەوەی مردنی رەئیسی لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان 

09:45 - 28/5/2024

بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە ڕێورەسمی یادکردنەوەی مردنی رەئیسی لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەرنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یادکردنەوەی رەئیسی ، سەرۆک کۆماری کوژراوی ئێران مەحکوم دەکات . 

ئیبراهیم رەئیسی بۆ خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی کوردستان وەبیرهێنەری کۆمەڵکوژی و لە سێدارەدانی هەزارانی بەدکراوی سیاسیە لە ساڵی ١٣٦٧ ، ئەو لە دەهەی ١٣٦٠ لەگەڵ چوار کەسیتر بە ناونیشانی "کومیتەی مەرگ" چالاکییان دەکرد . رەئیسی لە نێو خەڵکی ئێراندا بە هۆی زاڵمی و ستەمگەریەکانی لە پڕۆسەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی بە "قەسابی تاران" دەناسرێت .
کاتێک  کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بوو زۆرترین سەرکوتەکان لە دژی خەڵکی ئێران ، ئازادیخوازان ، چالاکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی دانیشتوویی ئێران ڕوویدا .
لە سەردەمی سەرۆککۆماری ئیبراهیم رەئیسی شاهیدی سەرکوتی دڕندانە و توندوتیژی بزوتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی بووین کە بووە هۆی دەستبەسەر کرانی زیاتر لە بیست هەزار کەس و کوژرانی زیاتر لە ٥٥٠ کەس لەوانە ١٢٠ منداڵ . لیژنەی ڕاستیدۆزی نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی مارس ڕایگەیاند کە لە جەریانی سەرکوتی ناڕەزاییەکانی ساڵی ١٤٠١ کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی تاوانی لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە کە پێک هاتووە لە  بەندیخانە ، ئەشکەنجە و توندوتیژی ڕەگەزی لە دژی ناڕازییەکان . 
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاگادار بوون لەوەیکە رەئیسی ئەم جینایەتەی کردووە ، بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە ٣٠ مەی ٢٠٢٤ لە رێورەسمێکداڕێز لە رەئیسی بگرێت .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، ڕێزگرتن لە رەئیسی بە شەرعییەتدان بە درێژەدان بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران دەزانێت و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی شایستەی ڕێز لێنان و ڕێز لێگرتن لەو کۆمەڵگایانەی کە ڕێز لە بنەماکانی دادپەروەری و مرۆڤایەتی و ویژدان دەگرن ، نازانێت .

هەر بۆیە وەکوو رێکخراوەیەکی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران ، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین رێورەسمی یادکردنەوەی ئیبراهیم رەئیسی هەڵبوەشێنێتەوە و لە پاڵ خەڵکی دادخوازی ئێران بوەستن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەری .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٢٧ی مەی ٢٠٢٤

10:24 - 28/5/2024 نوێ کراوەتەوە.