ئامار

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ماوەی ١٤ ڕۆژدا بە هۆی تەقەی هێزەنیزامییەکان

04:01 - 16/5/2024

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ماوەی ١٤ ڕۆژدا بە هۆی تەقەی هێزەنیزامییەکان

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : لە ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٥ کۆڵبەر و کاسبکارێکی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراون و دوو کۆڵبەریش بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەدانیان لە لایەن هێزەنیزامییەکانەوە بریندار بوون .

ئەمڕۆ پێنج شەممە "٢٧ی گوڵانی ١٤٠٣" لە ئاکامی  تەقەی هێزەنیزامییەکان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە ، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی "واحد قادر پوور" خێزاندار کوڕی بایز و قومری ، خەڵکی ئاوایی "حەسەن سەلاران"ی سەر بە بەشی سەرشیوی سەقز و دانیشتوویی سەقز ، کوژرا .

ڕۆژی سێشەممە "٢٥ی گوڵانی ١٤٠٣" کاسبکارێک بە ناوی "موعین تۆفیق پوور" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی محەممەد خێزاندار و خەڵکی ئاوایی چۆمانی بانە ، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی لە لایەن هێزەنیزامییەکانەوە لە سنووری چۆمان ، بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرا و کوژرا .
سالار ئەحمەدی کۆڵبەری لاوی خەڵکی نەڵاسی سەردەشت ، لە ڕۆژی پێنج شەممە "٢٠ی گوڵانی ١٤٠٣" لە خاکی هەرێمی کوردستان لە ئاکامی تەقەی هێزەنیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بە چەکی دۆشکا ، دوو فیشەکی بەرکەوت و کوژرا .

عەتا ڕوستەم پوور تەمەن ٤٠ ساڵ خێزاندار باوکی سێ منداڵ و خەڵکی ئاوایی "سولە"ی سەقز ، شەوی یەکشەممە "١٦ی گوڵانی ١٤٠٣" لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە ، بە تەقەی هێزەنیزامییەکان کوژرا .

ڕۆژی هەینی "١٤ی گوڵانی ١٤٠٣" ئاریان مەمەندی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی سەردەشت بە هۆی تەقەی هێزەنیزامییەکان بە چەکی ساچمەیی لە ناوچەی سنووری ساوانی ئەم شارە هەر دووچاو و دەم و لوتی بە قورسی بریندار بوو و چاوێکی لە دەستدا .

ڕۆژی هەینی "١٤ی گوڵانی ١٤٠٣" کۆڵبەرێک بە ناوی "شەهرام سەبزەواری" خەڵکی شاری شاهۆی سەر بە ڕوانسەر ، لە لایەن هێزەنیزامییەکانەوە لە سنووری نەوسوود بە قۆناخی چەک لێدرا و سەری بریندار بوو و لوتی شکا .

ڕۆژی پێنج شەممە ١٣ی گوڵانی ١٤٠٣ لە ناوچەی سنووری "سورکێو"ی بانە کۆڵبەرێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی "جەلال سوهرابی" خێزاندار  باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ئاوایی "تاژان"ی بانە ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەنیزامییەکان کوژرا .
ڕۆژی چوارشەممە "١٣ی گوڵانی ١٤٠٣" هێمن ئەحمەدی تەمەن ٤٥ ساڵ کوڕی مستەفا ، خێزاندار باوکی منداڵێک و خەڵکی ئاوایی "قەڵاکۆن" و دانیشتوویی ئاوایی "کارێزە"ی سەر بە سەقز ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بەستامی سەر بە بەشی سەرشیوی سەقز ، لە لایەن هێزەنیزامییەکانەوە لە مەودای یەک مەتریەوە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرا و کوژرا .