ئامار

١٢ شارۆمەندی کورد لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون

03:50 - 4/9/2024

١٢ شارۆمەندی کورد لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون

هانا :بە پێی ئەماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لانیکەم ١٢ شارۆمەندی کورد لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارە دراون .

ناسنامەی سەرجەمی ئەم شارۆمەندانە بۆ هانا سەلمێنراوە و تۆمار کراوە کە وردەکاری تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم شارۆمەندە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدرێت : 

سێدارە بە هۆی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان ٦ کەس

سێدارە بە تاوانەکانی پەیوست بە کوشتنی بە ئانقەست ٥ کەس 

سێدارە بە تاوانی موحاربە و سیاسی ١ کەس

رەزا رەسایی لاوی تەمەن ٣٤ ساڵی کورد و شوێنکەوتووی ئایینی یارسان کە لە جەریانی ناڕەزاییەکانی ساڵی ١٤٠١ لە شاری سەحنەی کرماشان دەستبەسەر کرابوو ، سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران بەبێ دادگایی کردنێکی داپەروەرانە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر گوشاری ئەشکەنجەدا ، لە سێدارە درا .

شایانی باسە لە مانگی ئوت لە ئێران لانیکەم ١٠٠ کەس لە سێدارە دراون کە یازدە شارۆمەندی ئەفغانی ، ٨ شارۆمەندی بەلوچ و ١٢ شارۆمەندیان کورد بوون .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، سێدارە بە کردەوەیەکی دوور لە مرۆڤایەتی ، قیزەوێن و قەتڵی حکومەتی دەزانێت و داوای ڕاگیرانی بە تەواوەتی سزای سێدارە لە ئێران دەکات . 
کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی دروستکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا بە هیوای بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، ئامێری ئێعدامەکەی خێراتر کردووە .خەڵکی ئێران، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ لە ڕێگەی هەڵمەتی ناڕەزایەتی و گوشاری سیاسییەوە تێچووی ئەم قەتڵ و کوشتارە حکومەتیە بۆ حکومەتی کۆماری ئیسلامی بەرز بکەنەوە .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٤ی ئۆتی ٢٠٢٤