هەواڵ

زەخت و زۆری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر دایکی "سارۆ قارەمانی" 

12:45 - 26/1/2022

زەخت و زۆری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر دایکی "سارۆ قارەمانی" 

بەپێی هەواڵێک لەلایەن هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە، "شێرین سەلیمی" بۆ جاری دوویەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە داواکراوەتە "ناوەندی ئینتزامی بێعسەت". 


بەپێی ئەم راپرتە، "شیرین سەلیمی" دایکی داخدار و دادخواز بە دانانی وێنەیەک لە نامەی داواکرانی لە ئینستاگرامەکەی نووسیوێتی: 
ماوەی ٤ ساڵ لە کوشتنی کوڕە بێ تاوانەکەم تێپەڕیوە، کەس فریام نەکەوت و بە دادمەوە نەهات، داوام هەیە و دەڵێم خوێنی کوڕەکەم بە ناهەق رژاوە، پاش تێپەڕبوونی ٤ ساڵ هێشتا هێزە ئینتزامییەکان کە بوونە گۆپاڵی دەستی نادادپەروەران دەستبەردار نین و لەکۆڵم نابنەوە. ئەی ئەو کەسانەی لافی پەرەپێدانی دادپەروەری لەم وڵات و سەرزەمینە لێدەدەن، ئێوە دەزانن منتان لەگەڵ کوڕەکەم کوشت، وەڵامم بدەنەوە پەنا بۆ کوێ بەرم؟ 

"سارۆ قارەمانی" لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی سنە بوو کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٦دا لە سنە دەستبەسەر و دوای ١١ رۆژی بە زەبری چەک و گوللـە لەلایەن بەرپرسانی ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە کوژرا. 
 

01:08 - 26/1/2022 نوێ کراوەتەوە.