بەندکراوان

دەستبەسەر کردن و گواستنەوەی موژگان کاووسی بۆ بەندیخانەی تۆنکابۆن بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکران

12:08 - 20/12/2023

دەستبەسەر کردن و گواستنەوەی موژگان کاووسی بۆ بەندیخانەی تۆنکابۆن بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکران

هانا : رۆژی دووشەممە"٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢" موژگان کاووسی چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی خەڵکی کلاردەشتی مازەندەران ، پاش بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێکاری ئەحکامی کەیفەری ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکرانی سزای ٣٩ مانگ بەندکرانی بۆ بەندیخانەی تۆنێکابۆنی مازەندەران راگوێزرا .


موژگان کاووسی پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی شاری ساریەوە بە تۆمەتەکانی "بێرێزی بە رێبەری کۆماری ئیسلامی بە ١٥ مانگ و یەک رۆژ بەندکران ، کۆبوونەوە و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی وڵات بە ٣٩ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ٨ مانگ بەندکران مەحکوم کرا  . بە جێبەجێکردنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی ٣٩ مانگ بەندکرانەکەی وەک زۆرترین سزا لەسەر ئەم چالاکە مەدەنیە جێبەجێ دەکرێت .

ناوبراو لە رێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١" لە ماڵەکەی لە کلاردەشت لە لایەن هێزەئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و پاشان رۆژی سێشەممە "١٣ی بەفرانباری ١٤٠١" بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی لە زیندانی قائم شار ئازاد کرابوو .

پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت موژگان کاووسی لە رێکەوتی "٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠١" لە لایەن لقی یەکی دادگای ساری بە تاوانی "ئەفساد فی العەرز ، گەندەڵی لە زەوی" تۆمەتبار کرابوو و پاشان لە لایەن هەر ئەم دادگاوە ئەم تۆمەتەی لە سەر لابرا .  

12:34 - 20/12/2023 نوێ کراوەتەوە.