هەواڵ

زاهیدان: ژمارەی گیانبەختکردووان گەیشتە ٨١ کەس و چواریان ئەندامی بنەماڵەیەکن 

12:14 - 5/10/2022

زاهیدان: ژمارەی گیانبەختکردووان گەیشتە ٨١ کەس و چواریان ئەندامی بنەماڵەیەکن 

هانا: بەپێی ئەو هەواڵانەی لە راگەیەنەرەکان بڵاوبوونەوە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانی سەراسەری لە ئێران و هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەسدرێژی بەرپرسێکی باڵای پۆلیس بۆ سەر کچێکی ١٥ ساڵان، خەڵکی شارەکانی بلووچستان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دەستیان دابووە خۆپیشاندان و لە ماوەی کاتژمێرێکدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان کوژران و بریندار بوون. 


رۆژی هەینی ٨ی رەزبەری ١٤٠١ ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی و ناڕازی بە مەبەستی خۆپیشاندان لە شەقامەکانەوە روویان کردبووە بنکەیەکی پۆلیس لە زاهیدان و لە ئاکامدا کەتبوونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی حکومەت و پاشان  ئەو هێزە چەکدارە هێرشیان کردبووە سەر خەڵکی نوێژکەر لە مزگەوتێکی نزیک ئەم رووداوە. هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ماوەی کاتژمێرێکدا جیانەتێکی گەورەیان خوڵقاندووە و بەپێی دوایین ئامارەکان لە ئاکامی ئەم کردەوەیەدا ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە ٨١ کەس و زیاتر لە ١٧٠ کەسیش بریندار بوون. بە پێی وتەی شاهێدحاڵان ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەوە پترە بەڵام بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی جێگای باوەڕ جارێ هەر ئەم ئامارە بڵابۆتەوە. 

بەپێی راپۆرتەکان لە ئاکامی ئەم هێرشەی هێزەکانی حکومەتەدا بۆ سەر خەڵک چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک بە ناوەکانی، مورتەزا حەسەن زەئی، ئاڕمان حەسەن زەئی، مەحموود حەسەن زەئی و زولفەقارجان حەسەن زەئی گیانیان لەدەستداوە. 

شایانی باسە لە ناو کوژراوەکاندا چەند منداڵی تیدا بووە بۆ وێنە سدیس کەشانی ١٤ ساڵ، ئیقباڵ شانەوازی ١٦ ساڵ و سامر هاشم زەهی ١٦ ساڵان. بە پێی ئەم هەواڵە چەندین منداڵی دیکەش بریندار بوون. جگە لەوە لە ناو کوژراو بریندارەکاندا ژنانیش کەم نین و هێشتا ناوی هەموو کوژراو و بریندارەکان ئاشکرا و بڵاونەبۆتەوە. 
 

06:19 - 5/10/2022 نوێ کراوەتەوە.