هەواڵ

بانە: بریندار بوونی ٣ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین 

08:59 - 23/2/2022

بانە: بریندار بوونی ٣ کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین 

هانا: رۆژی دووشەممە ٢ی رەشەممەی ١٤٠٠ – (٢١ی فێبرواری ٢٠٢٢)، سێ شارۆمەندی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون. 


هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ناسنامەی ئەم شارۆمەندانەیان "فوئاد بێتووش" تەمەن ٢٤ ساڵ، "کیانووش رەئوفی" تەمەن ٢٤ ساڵ و "ئامانج" خەڵکی سەردەشت راگەیاندووە. 
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم ٣ کۆڵبەرە لە ناوچەی "هەنگەژاڵ"ی بانە بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوون و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی "سەلاحەدینی ئەیوبی" بانە کراون. 

شایانی باسە هەر وەک پێشتر راپۆرتەکەییمان بڵاوکردەوە، هەر ئەو رۆژە واتە دووشەممە ٢ی رەشەممە، کۆڵبەرێکی تر بە ناوی "ئەرکان مەحموودی" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "میر عەبدول"ی ناوچەی پاوە لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی "شۆشمێ" لە ناوچەی نەوسوود بە هۆی تەقینەوەی مین بریندا بووە.  

جێگای ئاماژەیە، سپای پاسداران، ناوەندە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەردەوام خەریکی چاندنی مینن لە ناوچە سنوورییەکان و جگە لەوەش لانیکەم ٤٢٠٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران مین ڕێژ کراوە کە زۆربەی ئەم خاکە مین ڕێژ کراوانە دەکەوێتە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران. بەشێک لەو مینانە هی سەردەمی جەنگی ئێران و عێڕاقە و هێشتاش هەڵنەگیراونەوە و بەشێکی دیکەش لە دژی حزب و هێزە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە چێندراوەن.  حکومەتی ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە نەناوە و بەوەش نەوەستاوە و لەبەرەوە هەر خەریکی مین رێژ کردنی ناوچە سنوورییەکانە. لەبەر ئەوە ناوە ناوە و هەر جارەی لە ناوچەیەکی کوردستان تەقینەوەی مین کارەساتی دڵتەزێن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە. 
بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆن و یاسا نێونەتەوەییەکان حکومەتی ئیسلامی ئێران وەکو حکومەتی هەموو وڵاتان بەرپرسە لە پارێزگاری لە ئەمنییەتی گیان و ژیانی هاووڵاتیان. بەڵام حکومەتی ئێران بە خۆپاراستن و واژۆ نەکردنی پەیمانی "ئۆتاوا" خۆی لە هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان دەبوێرێ و تەنانەت ئامادە نییە مەیدان و ناوچە مین رێژکراوەکان دیاری و نیشانە بکا کە ئەمە دەتوانێ گیانی شارۆمەندان تا رادەیەک رزگار بکات. هەروەها دانی زانیاری بە خەڵکی ناوچە مین رێژکراوەکان سەبارەت بە مەیدانەکانی مین و مەترسی مین ئەرکی سەر شانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە وەک دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بەڵام ئەم کارەش هەر ناکا. 

09:01 - 23/2/2022 نوێ کراوەتەوە.