کۆڵبەر

بانە ؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەنیزامییەکان

03:46 - 21/4/2024

بانە ؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەنیزامییەکان

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هانا : سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە "٢ی گوڵانی ١٤٠٣" لە ئاکامی تەقەی هێزەنیزامییەکان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە سنووری "زەردەبی" بانە کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەم شارە کوژراوە .

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا "شوانە ئەحمەدپوور" تەمەن ٣٤ ساڵ خێزاندار باوکی منداڵێک و خەڵکی ئاوایی "نجنە سفلی" شاری بانە ، سەلمێنراوە .

بە پێی زانیاریەکانی سەرچاوەیەک ؛ لە ئاکامی ئەم تەقەکردنە دوو کۆڵبەری دیکەش کە ناسنامەکانیان نادیارە بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ بنکەکانی تەندروستی شاری پێنجوێن ڕاگوێزراون .
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد ، تەرمری ئەم کۆڵبەرە تەمەن ٣٤ ساڵەش بۆ بنکەکانی تەندروستی شاری سلێمانی ڕاگوێزراوە .

لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا سێ کۆڵبەریتر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەنیزامییەکان لە سنوورەکانی سەقز ، هەورامان و سەردەشت کوژراون .

سەیوان دەست ئەفکەن خێزاندار باوکی منداڵێک و خەڵکی ئاوایی "دەرەپەمان"ی سەر بە سەرشیوی مەریوان ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە تەقەی هێزەنیزامییەکان لە سنووری تەتەی هەورامان کوژرا .
مێهرداد عەبدوڵڵا زادە تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "مارغان"ی سەردەشت ، شەوی شەممە "٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣" لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "بێتوش"ی ئەم شارە لە لایەن هێزەنیزامییەکانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا .

هەروەها ئومید سەیدی خێزاندار خەڵکی ئاوایی "کانی درەژ"ی دێولان  و دانیشتووی سنەش لە هەمان شەو واتە شەممە ٢٥ی خاکەلێوە ، لە سنووری بەستام سەر بە سەرشیوی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەنیزامییەکان کوژرا .