هەواڵ

بۆمباران و تۆپبارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە 

10:39 - 9/9/2021

بۆمباران و تۆپبارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە 

هانا: بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٩ی سپتەمبری ٢٠٢١)، فرۆکەکانی سپای پاسدارانی ئێران بە بیانووی بوونی هێزە پێشمەرگەی حزبەکانی کوردستانی ئێران، سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیان بەزاند و دەستیان کرد بە بۆمبارانی ناوچەکانی "سیدەکان، بەربەزین، چۆمان و بەرزاییەکانی حاجی عۆمەران" و هاوکاتیش تۆپخانەکانیان تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کرد.


لەم هیرەشەدا زەرەر و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە بەڵام دارستان و زەوی و زار و کێڵگەکانی ئەو ناوچەیە تووشی زەرەر و زیان بوون. 
شایانی باسە، سپای پاسداران و ناوەندە چەکداری و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران هەر جارەی بە بیانووی دابین کردنی ئەمنییەت یا بوونی هێزە پێشمەرگە لە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کوردستانی ئیران، دەست دەکا بە بۆمباران و تۆپباران و لە ئاکامدا زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی زۆر بە خەڵکی ئەو ناوچانە دەگەیەنێ. 

هەر لەم پێوەندییەدا، لە رۆژانی رابردوودا فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران محەممەد پاکپوور، هەڕەشەی لە حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران کرد کە لەگەڵ کاردانەوەی حزبەکانی کوردستان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەروەها ناوەندەکانی مافی مرۆڤی بەرەوڕوو بۆوە.