بەندکراوان

ورمێ: سوعدا خەدیرزادە ١٢ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا  

01:57 - 6/9/2022

ورمێ: سوعدا خەدیرزادە ١٢ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا  

هانا: لە رۆژانی رابردوودا بەندکراوی سیاسی کورد سوعدا خەدیرزادە خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی سێی دادگای تاوانەکانی یەک لە مهاباد بە تۆمەتی "هاوکاری بۆ کوشتنی خدر پیرۆتی لە ئەندامانی سپای پاسداران" و "دەرباز کردنی تۆمەتباری سەرەکی" ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. 

کۆبوونەوە دادگایی کردنی سوعدا خەدیرزادە رۆژی چوارشەممە ٢ی خرمانانی ئەمساڵ بە شێوەی ئانلاین بەڕێوەچوو و رۆژی سێشەممە ١٥ی خرمانان بڕیاری دادگا بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە راگەیەندراوە. 

جێگای ئاماژەیە لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی دیکەی دادگایی کردنی سوعدا خەدیرزادە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە رێگای ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران لە دادگای ئینقلابی مهاباد بەڕێوەدەچێ. 

سوعدا خەدیرزادە رۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ئەمساڵ دوای نەشتەرگەری سزارین و لەدایکبوونی کۆرپەکەی بێ کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەواودەرمان گەڕاندبوویانەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ. مەئموورانی بەندیخانە لە کاتی کەوتنی سوعدا خەدیرزادە لە نەخۆشخانە دەست و لاقیان بە تەختی نەخۆشخانەوە بەستبۆوە بە جۆرێک کادری دەرمانی نەخۆشخانە بەرامبەر ئەو کردەوەیەی مەئموورانی بەندیخانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. 

ناوبراو لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵدا بۆ ناڕەزایەتی بە دۆخی نادیاری چارەنووسی خۆی، بۆ ماوەی ١١ رۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو. سوعدا خەدیرزادە لە سەر بەڵێنی بەپرسانی بەندیخانە بۆ ئازادکرانی بە شێوەی کاتی و دانانی بارمتە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو بەڵام تا ئێستا بە هۆکاری نادیار دادگای مهاباد خۆی لە ئازادکرانی ئەم شارۆمەندە کوردە بە شێوەی کاتی پاراستووە. 
سوعدا خەدیرزادە لە کاتێکدا دووگیان بوو بە هۆی نەخۆشینی گورچیلەکانی، دڵی و دیسکی پشتێن لە ئازاردا بووە و لەو ماوەیەشدا لە چاوەدێری پزیشکی بێبەش کراوە. 

ناوبراو رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی رەزبەری ١٤٠٠ لە پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە رەوانەی گرتووخانەیەکی ئەمنی ورمێ کرابوو و دوای ١٢ رۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوێزرابۆوە هەر ئێستا لە بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە بەند کراوە. 

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندبوو سوعدا خەدیرزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا هەرگیز دەرفەتی بەهرەمەند بوون لە مافی پارێزەری پێ نەدراوە. دەستبەسەر کرانی ناوبراو پێچەوانەی پێوەر و پێوانەی دادگاییەکی دادپەروەرانە بووە و لە روانگەی یاسا نێونەتەوەیەکانەوە سەرەڕۆیانە بووە. چونکە سوعدا خەدیرزادە بێ ئاگادار بوون لە هۆکاری گرتنی بۆ ماوەیەکی زۆر بە شێوەی کاتی بەندکراوە و مافی پارێزەریشی لێ زەوت کراوە. 
 

02:16 - 6/9/2022 نوێ کراوەتەوە.