ژنان

پیرانشار ؛ کوشتنی ژنێکی تەمەن 21 ساڵ بە بیانووی بەرگری لە نامووس

01:49 - 16/10/2023

پیرانشار ؛ کوشتنی ژنێکی تەمەن 21 ساڵ بە بیانووی بەرگری لە نامووس

بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا : شەوی یەکشەممە "14 ئۆکتۆبری 2023" ژنێکی لاو تەمەن 21 ساڵ بە بیانووی بەرگری لە نامووس لە لایەن بنەماڵەکەیەوە کوژرا .

بە وتەی سەرچاوەکانی هانا ؛ ئەم شارۆمەندە ناوی "تروسکە عەبدوڵڵا زادە" تەمەن 21 ساڵ دایکی دوو مناڵی ساوا و خەڵکی ئاوایی "کاسەکران" سەر بە شاری پیرانشارە .

 

تروسکە عەبدوڵڵا زادە لە تەمەنی 13 ساڵ بووە کە بە زۆر بە شوو دراوە بە ئامۆزایکی .

سەرچاوەیکی ئاگادار لەم بارەوە راشیگەیان ؛ تروسکە بە هۆی پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ کەسێکی دیکە ، لە لایەن باوکی خۆی ، هاوسەرەکەی و باوکی هاوسەرەکەیەوە بە بیانوویی ئەوەی ناویان ناوە بەرگری لە نامووس بە تووندترین شێوە لێدراوە و پاشان لە لایەن باوکیەوە بە تووندی لە ملی دراوە و کوژراوە .

 

سەرچاوەکە لە درێژەدا رایگەیاند ؛ باوک و مامی تروسکە پاش کوشتنی ئەو خۆیان بە پۆلیس ناساندووە و باوکی دەستبەسەر دەکرێت و کوشتنی کچەکەی بە هاوکاری لەگەڵ برا و برازاکەی لە ئەستۆ دەگرێت .

تەرمی تروسکە عەبدوڵڵا زادە بۆ شیکاری گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی یاسایی لە رەزاییە .

 

 

شایانی باسە ژنکوژی بەهۆی نایەکسانی پەیوەندی دەسەڵاتی نێوان ژن و پیاو و باڵادەستی سیستەمی پیاوسالاری ڕوودەدات. لە کۆمەڵگایەکدا کە کولتووری پیاوسالاری زاڵ بێت، پیاوان دەسەڵاتی زیاتریان هەیە و زاڵن بەسەر ژناندا. لە کۆمەڵگایەکی وادا ژنان دەچەوسێنەوە و بەها و گرنگی و مافی کەمتریان هەیە و ناچارن ملکەج گوێڕایەڵی داواکاری پیاوان و بن. جگە لەوەش لەم فەرهەنگەدا چەندین مەرج و دۆسیە ی نەخێر بۆ ژنان دروست بووە و پێشێلکردنی ئەو مەرجانە (کە بە نۆرم ناسراوە) ڕەنگە ببێتە هۆی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و ژیانی ژنەکە بکەوێتە مەترسیەوە. نموونەی ئەو کوشتنە نامووسیانەی کە لەم دواییانەدا لە میدیا گشتیە کاندا بڵاوکراونەتەوە. هۆکارێکی دیکە کە دەبێتە هۆی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، نەبوونی پاراستنی یاساییە بۆ ژنان. تا ئێستا هیچ یاسایەک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرنەچووە. لە لایەکی دیکەوە ئەو یاسایانەی کە هەن بۆ پاراستنی ژیانی ژنان، ڕێگری پێویست دروست ناکەن.

01:59 - 16/10/2023 نوێ کراوەتەوە.