بەندکراوان

دەستبەسەر کردن و گواستنەوەی سەیوان ئیبراهیمی بۆ زیندانی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی

04:35 - 30/12/2023

دەستبەسەر کردن و گواستنەوەی سەیوان ئیبراهیمی بۆ زیندانی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو : ئەمڕۆ شەممە "٩ی بەفرانباری ١٤٠٢" سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی لیژنەی بەڕێوبەری کۆمەڵەی کەلتوری- کۆمەڵایەتی نوژین بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە ڕاگوێزاوە .

سەیوان ئیبراهیمی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی کامیارانە .

ناوبراو لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی قازی "محەممەد کەرەمی" بە تۆمەتی کۆکردنەوەی گروپ و دەستە بە مە بەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات " سزای دە ساڵ زیندان و بە تۆمەتی رێکلام لە دژی حکومەت سزای ساڵێک زیندانی بە سەردا سەپێنرا کە لە کۆیدا بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کراوە .

سزاکە رۆژی شەممە "١١ی سەرماوەزی١٤٠٢" بە سەیوان ئیبراهیمی راگەینراوە .

سەیوان ئیبراهیمی لە گەلاوێژی ١٤٠٢ لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری ، دوور خرانەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان و ٤٠قامچی مەحکوم کرابوو رۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز ، سزای زیندان و قامچی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە پشتڕاست و سزای دوورخستنەوە بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان هەڵوەشایەوە .

پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت ناوبراو رۆژی چوارشەممە "٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١" بێ حوکمی دادگا دەستبەسەر و پاشان رۆژی دووشەممە "٢٤ی رێبەندانی ١٤٠١" بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو .