هەواڵ
دەستبەسەرکرانی "فاتم دادوەند" لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە بە مەبەستی دیپۆرت کردنەوەی بۆ ئێران
02:45 - 8/4/2022
داواکاریی "فاتم دادوەند" لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: "لە تورکیە ژیانم لە مەترسیدایە و ئەمنیەتم نییە، تکایە رەوانەی وڵاتی سێیەمم بکەن...".
هانا: رۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ – (٧ی ئاپریلیلی ٢٠٢٢)، "فاتم دادوەند" لە بەندکراوانی سیاسی و شاهیدانی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە، لە پێوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا" باسی لەوە کرد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی تورکیەوە دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی ناردنەوەی بۆ ئێران رەوانەی کەمپی دیپۆرت لە شاری "قەیسەرییە"ی تورکیە کراوە.
لە درێژەدا "فاتم دادوەند" وتی: سەرەڕای ئەوەیکە خۆم بە "UNHCR" (بەشی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناساندووە و ئیجازەی مانەوەم لە خاکی تورکیە هەیە، بەڵام دوانیوەڕۆی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە، لەلایەن هێزە "لیباس شەخسییەکانی" تورکیەوە لە "قەیسەرییە" سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراوم و بە بێ لەبەرچاوگرتنی داواکاریی من بۆ بەهرەمەند بوون لە مافی پارێزەر، ئێستا لە گرتووخانەی کەمپی ناوەندی دیپۆرتی قەیسەرییە دەستبەسەرم.
ناوبراو لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، داوای کرد: "من لە تورکیە ژیانم لە مەترسیدایە و ئەمنییەتم نییە، داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ ئازاد کردنم و گواستنەوەم بۆ وڵاتی سێیەم بدەن".
"فاتم دادوەند" تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی بۆکان و دایکی ٣ منداڵە. ناوبراو لە ناڕەزایەتییەکانی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ دەستبەسەر و لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای بۆکان بە تۆمەتی "بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی" و "بەشداری لە خۆپیشاندان و ئاژاوەگێڕی" و "فڕێدانی لێچکەی سەری و لەبەرچاونەگرتنی حیجاب"، پێنج ساڵ و پێنج مانگ بەندکران و ٣٠ شەللاقی بەسەردا سەپا. بەڵام دوای ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکی بە سزاکەی دەرنەبڕی و قەبوڵی کرد، سزاکەی بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران و ٣٠ شەللاق داشکا. ئاخرییەکەی ناوبراو ٢ی نوامبری ٢٠٢١ دوای تێپەڕاندنی ساڵێک و ٣ مانگ لە سزاکەی بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
بە وتەی ناوبراو، هەر لەو مانگەدا و دوای ئازاد کرانی، بە هۆی گوشار و زەخت و زۆری ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی بە ناچار ئێرانی بەجێهێشتووە.
02:55 - 8/4/2022 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- جێبەجێ کرانی سزای لەسێدارەدانی پێنجەمین بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ورمێ
- دەستبەسەر کرانی سێ شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە بۆکان
- بۆکان ؛ دەستبەسەر کرانی دوو شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە
- دەستبەسەر کرانی شارۆمەندێکی خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە
- ئەرکی ڕاپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ و لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران درێژکرایەوە