هەواڵ

شارەزایانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێدارەدانی نهێنی بەندکراوێکی سیاسی کوردیان مەحکوم کرد 

05:58 - 22/12/2021

شارەزایانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێدارەدانی نهێنی بەندکراوێکی سیاسی کوردیان مەحکوم کرد 

ژنێڤ، ٢٢ی دیسەمبری ٢٠٢١ – (١ی بەفرانباری ١٤٠٠)  - مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سێدارەدانی سەرەڕۆیانەی بەندکراوی کوردی ئێرانی حەیدەر قوربانی وەک پێشێل کردنی جیدی بەڵێنەکانی ئێران بە مافەکانی مرۆڤ و پابەند نەبوونی بە یاسا نێوەدەوڵەتییەکان، بە توندترین شێوە مەحکوم کرد. 


بەڕێز حەیدەر قوربانی، بەندکراوی کورد، بەرەبەیانی رۆژی ٢٨ی سەرماوەز – ١٩ی دیسەمبر، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بە شێوەی نهێنی لە سێدارە درا. لەسێدارەدانی ناوبراو بە بێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی بەڕێوەچوو و تەرمەکەشی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە بە نهێنی بە خاک ئەسپەردە کرا. 

بەڕێز حەیدەر قوربانی، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٦دا لە پێوەند لەگەڵ کوژرانی سێ کەسی سەر بە هێزەکانی بەسیجەوە دەستبەسەر کرا کە گۆیا لەلایەن کەسانی پێوەندیدار بە گرووپێکی نەیاری حکومەتەوە کوژرابوون. بەڕێز "قوربانی" ئەندامەتی خۆی لەم گرووپە و هەر جۆرە تێوەگلانێکیشی لەو قەتڵەدا رەت کردەوە. دادگای ئینقلاب بەم ئاکامە گەیشت کە ئەو چەکدار نەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دوای دادگاییەکی نادادپەروەرانە و هەروەها دەنگۆی ئەشکەنجە و ئازاردانی، تۆمەتی "بەغی" درایە پاڵ ناوبراو و سزای سێدارەی بە سەردا سەپا. 

هەروەها شارەزایانی ێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەدا رایانگەیاند، "کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڕێز حەیدەر قوربانی بەپێی یاسا و رێسای زۆر و لە کەشێکی توند و داخراو و لە پڕۆسەیەکی ناتەواودا و لە کاتێکدا کە هێشتا پەروەندەی ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵات لە ژێر چاوەدێریدا بوو، بە شێوەی نهێنی لە سێدارە دا. لەم هەلومەرجەدا کە ناڕەزایەتی بەرین و بەربڵاو بە دەسەڵات لە ئارادایە، ئێمە نیگەرانی ئەوەین کە ئەم لەسێدارەدانە سەرەڕۆیانەیە بە مەبەستی خوڵقاندنی کەشی ترس و سام لە نێو خەڵکدا بەڕێوەچووبێ. 

ئێمە زۆر بەداخەوەین کە سەرەڕای چەندین جار پێوەندی و پرسینەوەمان لە کەیسی بەڕێز حەیدەر قوربانی، بەپرسان بڕیاریان دا لە سێدارەی بدەن. ئەم کردەوەیە ئاماژەیەکی دیکە لە پشتگوێخستنی ئاشکرای بەڵێنەکانی ئێران بە یاسا نێونەتەوەییەکانە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ. ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین سەپاندن و بەڕێوەبردنی سزای سێدارە راگڕێ".  

پێشتر شارەزایان و پسپۆڕان نیگەرانی خۆیان بە ئاشکرا لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە سزای سێدارە، ئەشکەنجە و ئازاری حەیدەر قوربانی و پێشێل کردنی مافی لێپرسینەوە لە ناوبراو لە دادگایەکی دادپەروەرانە دەربڕیبوو. دەوڵەتی ئێرانیش لە وەڵامدا رای خۆی بۆ ناردبوونەوە. 
 

06:01 - 22/12/2021 نوێ کراوەتەوە.