سێدارە

سزای لە سێدارەدانی ئەنوەر خزری بەندکراوی عەقیدەتی کورد لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا

07:50 - 1/5/2024

سزای لە سێدارەدانی ئەنوەر خزری بەندکراوی عەقیدەتی کورد لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە "١٢ی گوڵانی ١٤٠٣" سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی عەقیدەتی کورد بە ناوی "ئەنوەر خزری" خەڵکی مەهاباد پاش نزیکەی ١٥ ساڵ بەندکران ، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کراوە .

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ؛ رۆژی سێشەممە "١١ی گوڵانی ١٤٠٣" ئەنوەر خزری بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراوە .

شایانی باسە چوار کەس لە هاودۆسیەییەکانی ئەنوەر خزری بە ناوەکانی "قاسم ئابستە ،فەرهاد سەلیمی ، ئەیوب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی " لە رێکەوتی "١٤ی خەزەڵوەر ، ٨ی سەرماوەز و ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢" پاش ١٤ ساڵ زیندان لە زیندانی قزڵحساری کەرەج لە سێدارە دران .
 
‌بە پێی ئەم راپۆرتە ؛ لە مانگی سەرماوەزی ١٣٨٨ ئەنوەر خزری لەگەڵ شەش شارۆمەندی سونە مەزهەب بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی ، ئەیوب کەریمی  ،داوودعەبدوڵڵاهی ، قاسم ئابستە خەڵکی شارەکانی سەقز کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرابوون .
بە پێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان ؛ ئەوان لە ئەنجامی دادگایی کردنی نادادپەروەرانە کە تێیدا قازی دادگاکە پارێزەرەکەیانی لە مافی بەرگری کردن بێبەش کردبوو ، لە جۆزەردانی ١٣٩٧ لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "گەندەڵی لە سەر زەوی" (فساد فی الارض) و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ئەمنیەتی نەتەوەیی بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کراون . پاش دەستبەسەر کران لە نێوان مانگی سەرماوەزی 1388 تا سەرەتاکانی رێبەندانی  1388 لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، ئەم حەوت کەسە گواسراونەتەوە و تۆمەتبار کراون بە ئەندام بوون لە گروپەکانی سەلەفی ، تۆمەتێک کە سەرجەمیان ڕەتیان کردبووەوە .

سەرەڕای پێشێلکارییەکی جدی لە یاساکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ، لە 14ی ڕێبەندانی 1399 ، لقی 41ی دادگای باڵای وڵات ، حوکمە پێدراوەکانی لە دژی ئەم حەوت زیندانیە پشتڕاست کردەوە و لە مانگی خەرمانانی  1399 ، لقی 38ی دادگای باڵا داواکاری ئەم شارۆمەندانەی بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە رەت کردەوە .
لە مانگی پووشپەڕی 1397 دادگایکی دیکە لە پارێزگای ئازەربایجانی غەربی ، کامران شێخەی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەستی پیاوێک کە لە ئاکامی پێکدانان لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا گیانی لە دەستدابوو ، بە سزای لە سێدارەدان مەحکوم کرد و ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەتیشی وەک هاوکارەکانی بە سزای زیندانیکردن مەحکوم کرد .