بەندکراوان

وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ئەندامانی دەستبەسەرکراوی کۆمەڵە لە ورمێ 

01:18 - 31/7/2022

وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ئەندامانی دەستبەسەرکراوی کۆمەڵە لە ورمێ 

هانا: دوابەدوای ئەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە رێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ لە راگەیاندنێکدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی لە ناوچەی سۆماوبرادۆست لە پارێزگای ورمی بڵاوکردەوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وردەکاری زیاتر لەم بارەوە بڵاودەکاتەوە. 

 

بەپێی راپۆرتێک کە لەم بارەوە بە هانا گەیشتووە، ناوی ئەو ئەندامانەی کۆمەڵە کە دەستبەسەر کراون بەم جۆرەی خۆارەوەیە: 

١ . پژمان فاتحی خەڵکی کامێران 
٢ . وەفا ئازەربار خەڵکی بۆکان 
٣ . موحسین مەزلووم خەڵکی مهاباد 
٤ . محەممەد فەرامەرزی (هەژیر) خەڵکی دێولان 

بەپێی ئەم راپۆرتە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو شارۆمەندانە تا ئیستا هیچ زانیارییەک لە سەر بارودۆخ و شوێنی بەندکرانیان لەبەردەستدا نییە و لە هەموو مافێکی سەرەتایی و ئینسانی بێ بەشن. 

هەروەها وەزاڕەتی ئیتلاعاتی حکومەتی ئیسلامی ئێران رۆژی شەممە ١ی گەلاوێژ لە راگەیاندراوێکدا دەستبەسەرکرانی تیمێکی ١٠ کەسی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە "بە مەبەستی هاوکاری لەگەڵ ئیسڕائیل بەتەمای کاری خراپکارانە" بوون و دوای ئەمەش، رۆژی ٥ی گەلاوێژ لە راگەیاندنێکی دیکەدا دەڵێ: "ئەندامانی ئەو تیمە سەر بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران و هاوکاری ئیسڕائیل"ن.  

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رۆژی پێنجشەممە ٦ی گەلاوێژ لە راگەیاندنێکدا وێڕای ئاماژە بە ناتەبایی و جیاوازی حاشاهەڵنەگری لێدوان و راگەیاندنەکانی بەرپرسان و ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران، دەڵێ: "سیناریوی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران"ـە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ کۆمەڵە "دوور لە راستی و درۆیینە و هەڵبەستراو"ن. هەروەها بە وتەی عەبدوڵڵا ئازەربار ئەندامی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە ئەم ئەندامانەی کۆمەڵە بێ چەک بوون و بە مەبەستی چالاکی "سیاسی و تەشکیلاتی و رێکخستن" رەوانەی کوردستانی ئێران کرابوون. 

رۆژی ٧ی گەلاوێژیش 'فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران" لە راگەیاندنێکی جیاواز لەوی وەزاڕەتی ئیتلاعات، هەواڵی دەستبەسەرکرانی تیمێکی ٥ کەسی سەر بە "گورووپە جیاخوازەکان" وەک ئەوەی لە راگەیاندنەکەدا هاتووە، بڵاوکردبۆوە و رایگەیاندبوو "مەبەستی ئەوان هەوڵی خراپکارانە لە پێناو خزمەت و هاوکاری بە ئیسڕائیل بووە". 

ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، تۆمەتەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی بە بێ بنەما داناوە و لە بەشێک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "تۆمەت بەخشینەوە و تۆمەتبارکردنی هەر دەنگێکی ئازاد و هەر ڕەوتێکی خەباتکاری کوردستان بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە یەکێک لە سەرەکیترین کار و پیشەکانی کۆماری ئیسلامی بووە و لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا بە دەیان جار حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی بە "دەستی دەرەکی" و "هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسڕائیل" و... تۆمەتبار کردووە". 
شایانی باسە، بەو پێیەی کە ڕەفتاری حکومەتی ئیسلامی ئێران لە پێوەند لەگەڵ بەندکراوان روون و ئاشکرایە و بەردەوام بە زەبری ئەشکەنجە و ئازار بەندکراوان ناچار بە ئێعتڕاف و دانپێدانانی زۆرەملی دەکا، "رێکخراوی مافی مرڤی هانا" لەمبارەوە ئەوپەڕی نیگەرانی قوڵی خۆی لەم پێوەندییەدا و دوابەدوای راگەیاندنی یەکەمی کۆمەڵە دەربڕیبوو. 

هەر لەم رێگایەوە جارێکی دیکە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێونەتەوەییەکان دەکەین چاوەدێری وردی کەیسی بەندکرانی ئەم چالاکە سیاسییانە بکەن و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەوڵ و بەشداری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەم پەروەندەیە پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە بەخۆیەوە بگرێ. 

07:54 - 1/8/2022 نوێ کراوەتەوە.