بەندکراوان

بانگ کرانی بەهمەن نادری شارۆمەندی خەڵکی کرماشان بۆ دادگا

07:32 - 6/5/2024

بانگ کرانی بەهمەن نادری شارۆمەندی خەڵکی کرماشان بۆ دادگا

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هانا : بەهمەن نادری شارۆمەندی کوردی خەڵکی کرماشان ، بە پێی بانگهێشت نامەیەک کە رۆژی پێنج شەممە "١٣ی گوڵانی ١٤٠٣" لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە دەرکراوە و پێی ڕاگەینراوە ، پێویستە لە رێکەوتی ١٩ی گوڵان بە مەبەستی کۆتا بەرگری لە دادگای شۆڕشی کرماشان ئامادە بێت .


بەهمەن نادری لە دایکبوویی ساڵی ١٣٦٩ ، خێزاندار باوکی دوو منداڵ و خەڵکی کرماشانە .
ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە شەش مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی هەشت ملوێن تمەن سزای نەخدی ، سزا درا و سزاکە لە رۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە ئەم شارۆمەندە ڕاگەینرابوو .
 ناوبراو لە رێکەوتی "٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢" لە کاتی ساڵیادی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی ١٤٠١ ، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاش یەک هەفتە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

هەر وەها ئەم شارۆمەندە کوردە ڕۆژی یەکشەممە "٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢" پاش بانگ کران بۆ لقی چواری لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و شۆڕشێ کرماشان بە هۆی بڵاو کردنەوەی بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ، تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت"ی ڕووبەڕوو کرایەوە و لە کۆتایدا بە دانانی بامتەی ٤٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .