ئامار
کوژران و بریندار بوونی ٢٧ کۆڵبەر لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا
02:56 - 3/7/2022
هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئاماری قوربانی بوونی کۆڵبەران لە شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ئامادە کردووە کە بە هەوڵ و ماندووبوونی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کۆکراوەتەوە. ئەم ئامارە بە هۆی سانسۆڕ و نەبوونی ئازادی رۆژنامەگەری ناتوانی هەموو رووداوەکان لەخۆ بگرێ بەڵام هاوکارانی هانا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە.
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لێرەدا ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لە پارێزگا و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوونە قوربانی و لەم ناوەندەدا تۆمار کراون، بڵاودەکاتەوە.
بەپێی ئەم ئامارە لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لەسەریەک ٢٧ کۆڵبەر لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون و بریندار بوون یا کەوتوونە بەر ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا بریندار بوون و زیانیان پێ گەیشتووە.
کۆی گشتی ئەم ٢٧ کەسە لە باری رەگەزەوە هەموویان نێرینەن.
لە کۆی ئەم ٢٧ کەسە پێنج (٥) کەسیان کوژراون و ١٩ کەس بریندار و ٣ کەسیش دەستبەسەر کراون کە بەم جۆرەی خوارەوە لێک جیا دەکرێنەوە:
ئەو کۆڵبەرانەی گیانیان لەدەستداوە:
لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆ و راوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و وەرگەڕان و دەرچوونی ماشێنی کۆڵبەران لە جادە ٢ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە.
لە ئاکامی رووداوە سروشتییەکان (کەوتنەوە ئاگر) ٣ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە.
بریندارەکان:
لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران ١٢ کەس لە کۆڵبەران بریندار بوون.
لە ئاکامی رووداوی هاتوچۆدا ٤ کۆڵبەر بریندار بوون.
لە ئاکامی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتدا ٣ کۆڵبەر بریندار بوون.
ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەش کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون ٣ کەسە.
زۆرترین قوربانی لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٢دا لە شار و ناوچە و ئاوایی پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ بووە کە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
پارێزگای سنە ٪٤٨
پارێزگای کرماشان ٪٤٠
پارێزگای ورمێ ٪١٢
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١
١ی ژولای ٢٠٢٢
www.hana-hr.org
news@hana-hr.org
08:25 - 3/7/2022 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٤
- ئاماری کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە مانگی سێپتێمبێری 2023 .
- ئاماری زیانەکانی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٢
- کوژران و برینداربوونی ٣٥ کۆڵبەر لە مانگی رابردوودا
- کوژران و بریندار بوونی ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢