ئامار
کوژران و بریندار بوونی ٢٨ کۆڵبەر لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا
02:09 - 1/6/2022
هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئاماری قوربانی بوونی کۆڵبەران لە شار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ئامادە کردووە کە بە هەوڵ و ماندووبوونی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کۆکراوەتەوە. ئەم ئامارە بە هۆی سانسۆڕ و نەبوونی ئازادی رۆژنامەگەری ناتوانی هەموو رووداوەکان لەخۆ بگرێ بەڵام هاوکارانی هانا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە.
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لێرەدا ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی لە مانگی مەی ٢٠٢٢دا لە پارێزگا و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بوونە قوربانی و لەم ناوەندەدا تۆمار کراون، بڵاودەکاتەوە.
لە خوارەوە سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ئەم ئامارە رادەکێشین:
بەپێی ئەم ئامارە بە گشتی ٢٨ کەس لە کاتی کۆڵبەریدا کوژرا و بریندار بوون کە هەموویان لە باری رەگەزەوە نێرینەن.
لە کۆی ئەم ٢٨ کۆڵبەرە، ٢ کەسیان کوژراوە و ٢٦ کەسیش بریندار بوون کە بەم جۆرەی خوارەوە لێک جیا دەکرێنەوە.
لەم دوو کۆڵبەرەی گیانیان لەدەستداوە کەسێکیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت کوژراوە. کۆڵبەرێکیشیان بە هۆی رووداوی سروشتی واتە (سەرما و سۆڵ) گیانی لەدەستداوە.
بریندارەکان:
لە کۆی ئەم ٢٦ کۆڵبەرەی بریندار بوون ١٩ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون.
هەروەها ٣ کۆڵبەر لە ئاکامی ئازار و ئەشکەنجەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون.
لە کۆی ئەم ئامارە ٤ کۆڵبەریش لە ئاکامی راوەدوونانی هێزەکانی حکومەت لە هەڵدێری چیاکان بەربوونەوە یا بە رووداوی سروشتی بریندارن بوون.
زۆرترین ئاماری ئەو قوربانییانە لە شار و ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکانی کرماشان و سنە هاتوونە ئاراوە.
شایانی باسە یەکێک لەو کۆڵبەرانەی گیانی لەدەستداوە بە ناوی "بێهلوول سەیدانی فەرد" لەگەڵ دوو کۆڵبەری تر بە ناوەکانی "ئەسعەد سەیدانی فەرد" و "بارزانی مەیهەنی" رێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٠ لە سنووری ئێران و تورکیە بێسەروشوێن بوون. تەرمی بارزان مەیهەنی رێکەوتی ٦ی ئاپریل پاش نزیکەی ٣ مانگ دۆزرایەوە و تەرمی بێهلول سەیدانی فەرد ٧ی جۆزەردان پاش ١٣٥ رۆژ دۆزراوەتەوە، بەڵام هێشتا تەرمی سێهەم کەس یانی ئەسعەد سەیدانی فەرد نەدۆزراوەتەوە.
کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١١ی جۆزەردانی ١٤٠١
١ی ژوئەنی ٢٠٢٢
تێبینی: پشتبەستن بەم ئامارە بە مەرجی ناوهێنانی سەرچاوەکەی ئازادە.
11:04 - 1/6/2022 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- بانە ؛ کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو بە هۆی تەقەی هێزەنیزامییەکان
- ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژران و برینداربوونی لانیکەم ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ماوەی ١٤ ڕۆژدا بە هۆی تەقەی هێزەنیزامییەکان
- کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو بە تەقەی هێزەنیزامییەکان لە سنووری سەردەشت
- کوژرانی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە تەقەی هێزەنیزامییەکان
- بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی سنووری مەریوان و بانە