هەواڵ
کوردستان: درێژەی دەستبەسەرکرانی شارۆمەندان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی
05:03 - 10/8/2021
هانا: لە ماوەی چەند رۆژی دواییدا ٣ شارۆمەندی کورد لە شارەکانی سنە، بۆکان و پیرانشار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون.
"مادیح فەتحی" چالاکی مەدەنی، رۆژی پێنجشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٥ی ئاگۆستی ٢٠٢١) دوای بانگ کردنی بۆ ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کراوە.
مادیح فەتحی دوای دەستبەسەرکرانی لە پێوەندییەکی کورتدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرکرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە رایگەیاندووە، لەبەر ئەوەی دەستبەسەرکرانی ئەو بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و هۆکاری گرتنەکەشی ئاشکرا نەکراوە، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٧ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی تر بە ناوی "بەهادین مستەفانژاد" خەڵکی پیرانشار کە خێزاندارە و باوکی چەند منداڵە، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بڕیاری دادگا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.
جێگای ئاماژەیە سەڕەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ زانیاری لە سەر چارەنووس و شوێنی دەستبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندە کوردە، هیچ زانیارییەک لەم بارەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە بنەماڵەکەی نەدراوە.
لە درێژەی دەستبەسەرکرانی شارۆمەندانی کورد دا، رۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی تر بە ناوی "رەشید رەحیمی" خەڵکی بۆکان بە بێ بڕیاری دادگا و بەڵگەی یاسایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەم شارۆمەندانە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی کوردستانی ئیران دەستبەسەر کراون.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- دەستبەسەر کرانی سوسەن حەسەن زادە چالاکی مەدەنی لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە بۆکان
- جێبەجێ کرانی سزای لەسێدارەدانی پێنجەمین بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ورمێ
- سومەیە قادری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا
- دەستبەسەرکرانی شارۆمەندێکی خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە
- دەستبەسەر کرانی سێ شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە بۆکان