سێدارە
ئەگەری جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سامان محەمەدی خیارە بەندکراوی سیاسی کورد
03:39 - 17/12/2024
بە پێی زانیارییەکانی هانا ، سامان محەمەدی خیارە ، زیندانیی سیاسی کورد ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قەزڵحساری کەرەج ڕاگوێزراوە .
بەپێی وتووێژی هانا لەگەڵ ئەندامێکی بنەماڵەی محەممەدی ، ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ ، سامان محەمەدی پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و لە ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەی و گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی قزڵحسار ئاگاداری کردوونەتەوە . لەسەر بنەمای ئەمەش بنەماڵەی محەمەدی بۆ ئەوەی بۆ دواجار چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێت بەرەو شاری کەرەج بەڕێکەوتوون .
بە پشتبەستن بەو زانیارییە سنووردارانەی کە سەر سامان محەمەدی خەیارە تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی شاری سنە لەبەردەستدایە ، ئەو کاتەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە تەمەنی ١٩ ساڵ بووە . ناوبراو بە پێی ئیدعای دامودەزگا ئەمنییەکان لە دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە تیرۆریستییەکانی دژە شۆڕشی سەر بە ئیتلاعاتی بیانی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە .
هانا دووپاتی دەکاتەوە کە سامان محەممەدی لە دوای دەستگیرکردنیەوە بە مەبەستی دانپێدانان لە دژی خۆیی توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە . محەممەدی لە کەمترین گەرەنتی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی بەرگریی تۆمەتبارێک بێبەش کراوە تەنانەت بە پێی کەمترین یاساکانی کۆماری ئیسلامی، وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی هەڵبژێردراو .
دانیشتنەکانی دادگایی کردنەکەشی بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی و بە توندترین هێرشی زارەکی لەلایەن ئەوەوە بەڕێوەچووە .
بە وتەی کەسوکاری "سامان بەهۆی ئەشکەنجەی توندەوە ناچار بە دانپێدانان لە دژی خۆیی بووە ، و بەرپرسیارێتی کوشتنی ئیبراهیم فەرهادی لە شاری قوروە و هەروەها کوشتنی ئەفسەرێکی پۆلیسی شاری سنە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٧ی لە ئەستۆ گرتووە".
سامان محەممەدی ساڵی ڕابردوو بە پێی زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکان لێخۆشبوونی بۆ دەرچووە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی فشاری دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە پڕۆسەیەکی تەواو ناڕووندا مەترسی جێبەجێ کرانی سزای لەسێدارەدانی لە سەرە . هەروەها بنەماڵەی ئەحمەدی زانیاری ورد لەسەر دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەکە و هۆکاری ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ناوبراویان لەبەردەستدا نییە و هەوڵەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنی بێ وەڵام ماونەتەوە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی جددی لە دۆخی سامان محەممەدی ، خوازیاری سەرنجی کاریگەر و خێرای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە .
03:46 - 17/12/2024 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ
- بەندکراوێکی سزا دراو بە لە سێدارەدان لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا
- جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج
- جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج