بەندکراوان

بەهمەن نادری شارۆمەندی خەڵکی کرماشان سزای بەندکران و سزای نەخدی بە سەردا سەپێنرا

10:59 - 12/12/2024

بەهمەن نادری شارۆمەندی خەڵکی کرماشان سزای بەندکران و سزای نەخدی بە سەردا سەپێنرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : بەهمەن نادری شارۆمەندی خەڵکی شاری کرماشان ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی قازی "جەواد مەلەکی" بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" سزای ساڵێک بەندکرانی تەعلیقی و پێبژاردنی ١٠ ملوێن تمەن سزای نەخدی بە سەردا سەپێنراوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ سزاکە ڕۆژی چوارشەممە "٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣" بە شێوەی فەرمی بە بەهمەن نادری ڕاگەینراوە .ڕۆژی سێشەممە "٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣" هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپا بەبێ پێدانی حوکمی دادگا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەهمەن نادری و پاش پشکنینی ماڵەکەی ئەویان دەستبەسەر کرد و پاشان بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپای کرماشان ڕایانگوێزابوو .

 

ناوبراو پاش کۆتایی هاتی قۆناخەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپاوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرابوو .

 

شایانی باسە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی بەهمەن نادری بە هۆی چالاکیەکانی بە بڕیاری دادگا داخراوە .

 

بەهمەن نادری لە دایکبوویی ساڵی ١٣٦٩ ، خێزاندار باوکی دوو منداڵ و خەڵکی کرماشانە .

ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" بە شەش مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی هەشت ملوێن تمەن سزای نەخدی ، سزا درا و سزاکە لە رۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بە ئەم شارۆمەندە ڕاگەینرابوو .

 ناوبراو لە رێکەوتی "٢١ی خەرمانانی ١٤٠٢" لە کاتی ساڵیادی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی ١٤٠١ ، لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پاش یەک هەفتە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

هەر وەها ئەم شارۆمەندە کوردە ڕۆژی یەکشەممە "٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢" پاش بانگ کران بۆ لقی چواری لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و شۆڕشێ کرماشان بە هۆی بڵاو کردنەوەی بانگەواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان ، تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت"ی ڕووبەڕوو کرایەوە و لە کۆتایدا بە دانانی بامتەی ٤٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

11:09 - 12/12/2024 نوێ کراوەتەوە.

زۆربینراوترین