هەواڵ
دەرکردن و دوور خستنەوەی نایاسایی چوار مامۆستا لە لایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە تاوانە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردەوە لە دیواندەرە
04:50 - 10/12/2024
بەپێی زانیارییەکانی هانا ، ڕۆژی یەکشەممە 18ی سەرماوەزی 1403، چوار مامۆستا بەناوەکانی "ئومید شامحەمەدی ، هیوا قوڕەیشی ، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەمەدزادە" لەلایەن لیژنەی پێڕاگەیشتن بە تاوانە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردەوە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو نادادپەروەرانە و ناڕوون لە کار دەرکراون .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ ئومید شامحەمەدی ، هیوا قوڕەیشی و کاوە محەمەدزادە لە کار دەرکراون و پەرویز ئەحسەنیش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ شاری قوروە دوور خراوەتەوە .
شایانی باسە ئومید شامحەمەدی ، هیوا قوڕەیشی ، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەمەدزادە هەر چواریان پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "کردەوەی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێی ئەندامێتی لە حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران" بە سەرۆکایەتی قازی حوسێن سەعیدی سزای پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیریان بە سەردا سەپێنرابوو .
ئام مامۆستایانە لە رێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١ ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزران و پاشان ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و پێنسەد ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون .
هەر وەها ئومید شامحەمەدی پێشتریش لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "کردەوەی دژی ئاسایشی نەتەوەیی" سزای ساڵێک بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێنرابوو .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، وێڕای ئیدانەکردنی ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە پشتڕاستی دەکاتەوە کە پێڕاگەیشتن لە لیژنەکانی تاوانە ئیداریەکانی کارمەندانی دەوڵەت بەبێ ڕەچاوکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافی کارکردنی تاکەکان و پێشێلکارییە کارگێڕییەکانە و لیژنەکانی تاوانە ئیداریەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەما ئایدۆلۆژییەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ ڕێزگرتن و لە بەرچاوگرتنی مافە بنەڕەتییەکانی تاکەکان ئەوان لە سەرجەم مافەکانیان بێبەش دەکەن .
04:56 - 10/12/2024 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- دەستبەسەر کرانی مامۆستایەکی خەڵکی کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
- مامۆستایەکی خەڵکی کامیاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا
- دەستبەسەر کران و نادیاری چارەنوسی مامۆستایەکی خەڵکی سەقز
- سوسەن حەسەنزادە چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی بە ٣ مانگ بەندکران سزا درا