هەواڵ

ئازادکرانی دوو بەندکراوی سیاسی لە ماکۆ و نەغەدە 

11:07 - 9/11/2021

ئازادکرانی دوو بەندکراوی سیاسی لە ماکۆ و نەغەدە 

هانا: بەپێی راپۆرتی گەیشتوو، دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە مەرج و بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران ئازاد کراون. 


بەپێی ئەم راپۆرتە، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی "سەردار رامین" خەڵکی ئاوایی "قاڕنێ" لە ناوچەی نەغەدە، رۆژی دووشەممە ١٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠ – (٨ی نوامبری ٢٠٢١) لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەن، بۆ ماویەکی کاتی و تا وەختی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.  
جێگای وەبیرهێنانەوەی ناوبراو رێکەوتی ١٠ی خرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبەکانی کوردستان دەستبەسەر کرابوو. 

هەروەها بەپێی ئەم راپۆرتە بەندکراوێکی سیاسی دیکە بە ناوی "جەعفەر مشکینی میسر کانلوو" خەڵکی ماکۆ، دوای تێپەڕاندنی ٢٠ مانگ بەندکران، لێی خۆش بوون و بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ ئازاد کراوە. 

شایانی باسە ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەیان لێ زەوت کراوە و تەنانەت "سەردار رامین" لە مافی بوونی پارێزەریش بێ بەش کراوە. 


 

11:27 - 9/11/2021 نوێ کراوەتەوە.