هەواڵ

دەستبەسەرکرانی چوار شارۆمەندی کورد بە بیانووی ئەمنییەتی 

05:30 - 20/10/2021

دەستبەسەرکرانی چوار شارۆمەندی کورد بە بیانووی ئەمنییەتی 

هانا: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، ٤ شارۆمەندی کورد لە شارەکانی کوردستانی لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بە بیانووی ئەمنییەوە دەستبەسەر کراون کە یەکێک لەو شارۆمەندانە خاتوونێکی دووگیانە. 


بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، رۆژی سێشەممە ٢٠ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی بانە بە ناوی "شەریف خەبات" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیکی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراوە. 

هەروەها رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە پیرانشار ژنێکی دووگیانیان بە ناوی "سوعدا خەدیرزادە" بە بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە. 

بەپێی راپۆرتێکی تر، رۆژی دووشەممە ٢٦ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، رۆژنامەنووسێکی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی "جەبار دەستباز" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە سنە داوا کراوە و دوای لێپێچینەوە، بە دانانی بەڵێننامە ئازاد کراوە. 

بەگوێرەی راپۆرتێکی دیکە، رۆژی یەکشەممە ٢٥ی رەزبەری ١٤٠٠ – (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی "عەلی زولفی" بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە. 
شایانی باسی "عەلی زۆلفی" پێشتر لەلایەن دادگای حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە بۆکان بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" ٤ مانگ و ١٠ رۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. هەر وەک لە سەرەوە هاتووە، رۆژی یەکشەممە ٢٥ی رەزبەر بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی دەستبەسەر و رەانەی بەندیخانە کراوە.