هەواڵ

رەوانسەر: دەستبەسەرکرانی بنەماڵەی چالاکێکی مافی مرۆڤ بۆ ماوەیەکی کاتی 

01:11 - 10/8/2021

رەوانسەر: دەستبەسەرکرانی بنەماڵەی چالاکێکی مافی مرۆڤ بۆ ماوەیەکی کاتی 

هانا: رۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، بنەماڵەی "ئەرسەلان یارئەحمەدی" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە دەستبەسەر کران و کەوتنە بەر لێپرسینەوە. 


ئەرسەلان یارئەحمەدی لە فەیسبووکی خۆیدا رایگەیاندووە: باوکم "سولەیمان یارئەحمەدی"  و برا چکۆلەکەم "عومران یارئەحمەدی" لەلایەن پاراستنی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشانەوە داوا کراون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر کەوتوونە ژێر لێپرسینەوە و داوایان لەوان کردووە، یا دەست لە چالاکی راگەیاندن بکێشمەوە یا دەکوژرێم. 

ماڵپەڕی "هەنگاو"یش وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، لە زمان "ئەرسەلان یارئەحمەدی"یەوە رایگەیاندووە: " هێزە ئەمنییەکان بە منیان وتووە کە موسا باباخانی بە هۆی کێشەی نامووسی کوژراوە و هیچ پەیوەندیی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نییە و دەبی ئێوە لە هەنگاو هەواڵێک بڵاوبکەنەوە و بڵێن کە موسا دەستدرێژی کردووەتە سەر سێ ژنی خەڵکی هەولێر و هەر بەو هۆیەوە لەلایەن کەسوکاری ئەو ژنانەوە کوژراوە و دوای ئەو قسانە خێرا تەلەفونەکەم داخستەوە". 

شایانی باسە، گوشار بۆ بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی یەکێکە لە رێگاکانی گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەو چالاکانە.