هەواڵ

کرماشان: کوژرانی کاسبکارێک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە 

01:00 - 22/4/2022

کرماشان: کوژرانی کاسبکارێک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە 

هانا: رۆژی هەینی ٢ی گوڵانی ١٤٠١ – (٢٢ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، تەرمی کاسبکارێکی لاو لە پێنج کیلۆمیتری کامێران دۆزرایەوە کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە فەرمانی کوشتنی درابوو. 


بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی  مرۆڤی هانا، ئەم کاسبکارە کوردە ناوی "سەلمان قوربانی" کوڕی "ئەسەدوڵڵا" و خەڵکی ئاوایی "قەڵا" لە ناوچەی کرماشانە. لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە بیانووی تەقە لە ناوبراو هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ راگەیەندراوە و لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە فەرمان ئەوە دراوە تەقەی لێ بکەن بەڵام ئەو ئامادە نەبووە خۆی رادەستی هێزە چەکدار و ناوەندە قەزاییەکان بکات. 

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قوربانی رایگەیاند، تەرمی سەلمان قوربانی لە پزیشکی دادی کرماشانە و ئێمە لە پێوەند لەگەڵ کوشتنی کوڕەکەماندا تەنیا هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە بەرپرس دەزانین. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە رۆژانی رابردوودا ٣ کۆڵبەر بە ناوەکانی "ئارش نووری"، "ئەفشار دەربازی" و "سولەیمان ئیبراهیم‌زادە" لەلایەن هیزە چەکدارەکانی حکومەتەوە کوژراون و شارۆمەندێکی کوردی دیکەش بە هۆی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ دەستبەسەر و دواتر لە گرتووخانەی شاپوور لە تاران لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری زۆردا گیانی لەدەستدابوو. 

لە کوردستانی ئێران بە هۆی هەژاری و هەڵاواردنی سیستماتیکەوە خەڵک روویان کردووەتە دیاردەی زۆر پڕ مەترسی وەک کۆڵبەری و گواستنەوەی شتۆمەک بە قاچاخ و هەر بەم هۆکارەش بەرەوڕووی کردەوەی توندوتیژی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران دەبنەوە و ئەم نموونانەی سەرەوە تەنیا بەشێکی کەم لەم راستییە تاڵ و دڵتەزێنەن. ئەوە لە حاڵێکدایە بەپێی ئاماری فەرمی حکومەت لانیکەم ٨٠ لە سەدی قاچاخی کاڵا لە ئیران لە رێگا فەرمییەکانی وڵاتەوە دەکرێ.

ئیختلاس، گەندەڵی و قاچاخی کاڵا و شتوومەک لە راستیدا لەلایەن کاربەدەستانی حکومەت و سەردار و فەرماندەکانی سپاوە بۆ هەموو خەڵکی ئێران ئاشکرایە و ساڵێ میلیاردان دۆلار بە تاڵان دەچێ، ئیختلاس و قاچاخ دەکرێ. نرخی ئەو شتومەکەی کۆڵبەر و کاسبکای کورد دەیگوازێتەوە و مانگانە دەیان کەسی لە سەر دەکوژرێ و بریندار دەبێ لەچاو کاڵای قاچاخی ناوەندە دەوڵەتی و نیزامییەکان هەر بەراورد ناکرێ.  
 

01:27 - 22/4/2022 نوێ کراوەتەوە.