هەواڵ

مەترسی لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی سیاسی 

01:51 - 22/6/2022

مەترسی لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی سیاسی 

هانا: رۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ - (٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٢)، بەندکراوی سیاسی کورد «فیرووز مووسالوو» بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ورمێ لەسێدارە درا. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم راستییەی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا بۆ پێکهێنانی کەشی ترس و سام دەستدەکا بە لەسێدارەدانی بەندکراوان، ئێستا گیانی ٦ بەندکراوی سیاسی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە لە مەترسیدایە. 

 

١- محێدین ئیبڕاهیمی، کۆڵبەر و تەمەن ٤٣ ساڵ ، بە تۆمەتی «بەغی» و ئەندامەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی ورمێ بەند کراوە. محێدین ئیبڕاهیمی لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتبووە بەر دەسڕێژ و تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و لە ئاکامدا لاقی بریندار ببوو و بە برینداری دەستبەسەر کرابوو. جێگای ئاماژەیە ٣ ساڵ لەوەپێش برایەکی محێدین ئیبڕاهیمی لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە سەر سنوور پێکرابوو و گیانی لە دەستدابوو. 

٢- «شاکر بێهرووزی» بە تۆمەتی «بەغی» و ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەند کراوە. شاکر بێهرووزی ساڵێک و ٩ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی زۆردا بەند کرابوو تا بە زۆرەملی و لە ژێر گوشاردا ئێعتڕاف بکا و دان بە ترۆری ئەندامێکی سپای پاسداڕان بە ناوی «مامڵ محەممەدی»دا بنێ. سزای لەسێدارەدانی ناوبراو پەسند کراوە. 

٣- «مەتین خزری» لە ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٤دا لە بۆکان بە تۆمەتی «شێواندنی ئەمنییەت و ئاسایشی نەتەوەیی» و ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و رەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو. 
دواتر مەتین خزری لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی بۆکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.  شایانی باسە پاش ئەوەی ئەم شارۆمەندە کوردە ناڕەزایەتی خۆی بە بڕیاری دادگا دەربڕیبوو، سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پەسند کرابوو. 

٤- «محەممەد کیشوەری» یەکێک لە بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ی «خوڕەماوا»یە. ناوبراو لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٩دا لەلایەن دادگای «ئینقلاب»ـەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. زانیاری زیاتر لە سەر ناوبراو لەبەردەستدا نییە. 

٤ و ٥- «ئەمانوڵڵا بلووچی» و «حافز عەبدولکەریم کوهی» دوو مەلای سونین و بە تۆمەتی « محاڕبە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و ٨ ساڵە لە بەندیخانەی زاهیدان بەندکراون. دوایین جار لە لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩دا بە مەبەستی لەسێدارەدانیان گوازرابوونەوە. هەروەها ٢٠ رۆژ لەوەپێش بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەوە و بۆ وەرگرتنی ئێعتڕافی زۆرەملی لە ژێر ئەشکەنجەدان. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا