ژنان
مهاباد: کوژرانی ژنێک بە دەستی هاوسەرەکەی
11:28 - 25/7/2022
هانا: شەوی شەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (٢٣ی ژولای ٢٠٢٢)، ژنێکی لاو بە ناوی بەفرین رەسووڵی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی مهاباد لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی "ئومید . م" کوژراوە.
یەکێک لە نزیکانی بەفرین رەسووڵی بە هانای راگەیاند: "تەرمی بەفرین رەسووڵی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ پزیشکی داد لە ورمێ بەڕێکراوە و تا ئێستا نەیانداوەتەوە بە بنەماڵەکەی".
بەپێی ئەم راپۆرتانەی هاتوون، ئەم دوو هاوسەرە گەنجە لە رۆژانی رابردوودا پێکەوە ناکۆکییان بووە و تەنانەت رۆژێک بەر لە رووداوەکە دایکی بەفرین سەردانی ماڵەکەیانی کردبوو، بەڵام هاوسەری بەفرین نەیهێشتووە بچێتە ژوورێ.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا رایگەیاند بکوژەکە پێشووتر بە قایشی شاڵوارەکەی لە بەفرینی داوە و ئاسەواری ئەشکەنجە و ئازار بە لەشییەوە ماوە و شین و مۆر بۆتەوە. بکوژ دوای ئەو ئەشکەنجە و ئازارە زۆرە، دەستی لە گەرووی ناوە و خنکاندوویە.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە، بکوژ دوای ئەوەی بەفرینی کوشتووە تەرمەکەی لە ژووری خەوەکەی هەڵاوەسیوە و کاتژمێر ٢٣ی شەو پۆلیسی ئاگادار کردووە و رایگەیاندووە هاوسەرەکەم خۆی کوشتووە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
سەرچاوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە هەر ئەو شەوە "ئومید . م" لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە و رۆژی دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە بەفرین رەسووڵی پێشتر جارێکی دیکە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. ناوبراو لەدایکبووی ئاوایی "قەمتەرە" و نیشتەجێی گەڕەکی "بەهمەن" لە مهاباد بووە. دوو مانگ لەوەپێش بۆ جاری دوویەم هاوسەرگیری کردووەتەوە.
بنەماڵەی رەسووڵی شکایەتیان لە هاوسەری بەفرین کردووە.
11:42 - 25/7/2022 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- یوسف بەکری بە سێ ساڵ و چوار مانگ زیندانی مەحکووم کرا
- جوانڕۆ:دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە
- پیرانشار:دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی ژن لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیران
- سەقز:دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی ژن لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیران
- سەقز:دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەک لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیران