هەواڵ

لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لانیکەم ١٠ کەس کوژراون و سەدان کەس بریندارن

10:24 - 21/9/2022

لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لانیکەم ١٠ کەس کوژراون و سەدان کەس بریندارن

هانا: رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ناوی ١٠ کەسی بۆ ئاشکرا بووە کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە، ٢٨، ٢٩ و ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە شارەکانی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە. 


ناوی ئەم شارۆمەندانە بەم جۆرەی خوارەوەیە: 

١ موحسین محەممەدی، دیواندەرە ٢- فوئاد قەدیمی، دیواندەرە ٣- فەرەیدون مەحموودی، سەقز ٤- زەکەریا خەیاڵ، پیرانشار ٥- فەرجام دەروێشی، ورمێ ٦- دانیش راهنما ورمێ ٧- رەزا لوتفی، دێولان ٨- سەدرەدین لێتان، شنۆ ٩- ئەمین مەعڕووفی، شنۆ ١٠- مینوو مەجیدی، کرماشان. 

هەموو کوژراوەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی گاردی تایبەت، سپای پاسدارانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بە چەکی شەڕ کوژراون. لەم خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس بریندار بوون و سەدان کەس دەستبەسەر کراون کە هێشتا ئاماری تەواو لەبەردەستدا نییە. 

دوابەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقز، کە رێکەوتی ٢٢ی خرمانانی ١٤٠١ لە تاران بە بیانووی رەچاونەکردنی حیجاب لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە دەستبەسەر و لە کاتی گرتنیدا و هەروەها لە رێگای گرتووخانەدا کەوتبووە بەر ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بە جۆرێک کاژێڕەی سەری شکابوو و مێشکی زیانی زۆری پێ گەیشتبوو و دواتر رۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیانی لەدەستدابوو. 

رۆژی دووشەممە ٢٨ی خرمانان بۆ ناڕەزایەتی بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە تەواوی شارەکانی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو و هاوکات لاوان بۆ ناڕەزایەتی رژانە شەقامەکان. بەڵام خۆپیشاندان و نارەزایەتی هێمنانەی خەڵک لەگەڵ توندوتیژی و تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بەرەوروو بۆوە و لە ئاکامدا ١٠ کەس لە خۆپیشاندەران گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون و سەدان کەسیش گیراون. شایانی باسە نارەزایەتی و خۆپیشاندان هەموو شارەکانی ئێرانی گرتووەتە بەر بە تایبەتی تاران پێتەختی ئێران و زۆربەی شارۆ و شارۆچکە و پارێزگاکانی ئێران بەشداری ئەم خۆپیشاندانانەن. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەوڵ دەدا هەواڵی دروستی ئەم رووداوانە بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە.