سێدارە

گڵکۆی ڕامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مرادی پاش ٤ ساڵ هەر ونە 

04:22 - 7/9/2022

گڵکۆی ڕامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مرادی پاش ٤ ساڵ هەر ونە 

هانا: بەرەبەیانی ١٧ی خرمانانی ١٣٩٧، سێ بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی رامین حسێن پەناهی، زانیار مرادی و لوقمان مرادی لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرج لە سێدارە دران. پاش تێپەڕینی چوار ساڵ بنەماڵەکانیان هێشتاش هەر بە دوای شوێنی ئەسپەردە کران و گلکۆێ رۆڵەکانیاندا دەگەڕێن. 


ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و گەلێک کۆڕ و کۆمەڵ و رێکخراوی مافی مرۆڤی و مەدەنی، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستان و بە تۆمەتگەلی هەڵبەستراو سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا و ئاخرییەکەی رۆژی ١٧ی خرمانانی ١٣٩٧ سزای سێدارەکەیان جێبەجێ کرا. 

لە ماوەی بەندکرانی ئەم سێ بەندکراوە سیاسییەدا بنەماڵەکانیان لە مافی چاوپێکەوتنی رۆڵەکانیان بێبەش بوون و دوای ئەوەی لە سێدارەش دران تەرمی رۆڵەکانیان نەدانەوە و ئێستا چوار ساڵ لەم رووداوە تێدەپەڕێ و بنەماڵەکانیان هێشتاش بە دوای شوێنی ئەسپەردە کران و گۆڕی ونی رۆڵەکانیاندا دەگەڕێن. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە باوکی لوقمان و زانیاری پەناهی بە ناوی ئیقبال مرادی شەوی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ لەلایەن دەستوپێوەندەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە "پێنجوێن"ی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بە زەبری حەوت گوللـە ترۆر کرا و گیانی لەدەستدا. 

شایانی باسە ئێران بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی دانیشتوانی وڵاتەکەی بەرزترین ئاماری ئێعدامی لە جیهاندا بۆ خۆی تەرخان کردووە. ئەگەریش ژمارەی لە سێدارە دراوان لەبەرچاوی بگرین ئێران لە سەر ئاستی جیهاندا دەکەوێتە دوای چین. 

04:32 - 7/9/2022 نوێ کراوەتەوە.