ڕاگەیاندن

بانگەوازی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ مانگرتنی گشتیی "نا بۆ لەسێدارەدان"

01:35 - 29/1/2024

بانگەوازی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ مانگرتنی گشتیی "نا بۆ لەسێدارەدان"

ڕیژەی لەسێدارەدان لە کوردستاندا بە ئاستێکی لەڕادەبەدەر چووەتە سەرەوە و ماشینی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر دڕندانە و بێشەرمانە لاوانی ئەم نیشتمانە دەکاتە قوربانی، وەک ئەوەی پەتی سێدارە و هێزی بێناوەڕۆکی خۆی بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان و کوشتنی ئازادی و ئازادیخوازان بەکار دەهێنێت. لە دوایین هەوڵی نەزۆکانەی حکوومەتی ئێراندا بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، چوار لاوی بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارە دا و سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی سیاسی و ئایینیی دیکەی کورد لە دادگای باڵای ئێران پەسەند کراوە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزای ئەو شەش هاووڵاتییەش لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە.

ئێمە، کۆمەڵێک لە چالاکان و ڕێکخراوی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکەین کە لە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی بەهمەنی ١٤٠٢ بە بەشداریکردن لە مانگرتنێکی گشتی و سەرانسەری، ناڕەزایەتیی خۆتان بەرانبەر بەم ڕەوتە نامرۆڤانەی حکوومەتی ئێران کە دژی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤن، دەرببڕن.

مەبەست لەم مانگرتنە تەنیا نیشاندانی دژایەتیی سزای سێدارە نییە، بەڵکوو ڕاکێشانی سەرنجی نەتەوەیی و نێونەتەوەییە بۆ دۆخی خراپ و نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدانە.

ئێمە لەم بانگەوازەدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکان، ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها هەموو کەسانی خاوەن ویژدانی سەرانسەری جیهان دەکەین کە پشتیوانی ئەم مانگرتن و داوخوازی و هەڵسوڕاوانە بن و هەروەتر بۆ گەیاندنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان کە لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە، بە ناوەندە پەیوەندیدارەکان و جیهان بەگشتی، پاڵپشتمان بن.


٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤ 
٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

ڕێکخراوی جیهانی کورد
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا
کەمپەینی داکۆکیکاری چوار بەندکراوی سیاسیی کورد
کوردستان تریبۆناڵ
ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس