هەواڵ

بریندار بوونی دوو شارۆمەندی خەڵکی کرماشان بە هۆی تەقەی هێزەئەمنیەکان

04:38 - 25/3/2024

بریندار بوونی دوو شارۆمەندی خەڵکی کرماشان بە هۆی تەقەی هێزەئەمنیەکان

بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی هانا : ئێوارەی پێنج شەممە "٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣" هێزەئەمنییەکان تەقە و هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵێک لاو لە پارکی شەرقی لە نزیک ناوچەی مێژوویی تاقەوسانی کرماشان کە خەریکی ژەنینی موسیقا و شادی بوون و لە ئاکامی ئەم تەقەکردنە دوو شارۆمەندی لاو بریندار بوون .

ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە بۆ هانا "محەممەد ئەحمەدیانی و ئارمان بەسیری" سەلمێنراوە .

بە وتەی سەرچاوەیەک ، پاش ناڕەزایی دەربڕینی محەممەد ئەحمەدیانی و ئارمان بەسیری لە بەرامبەر ئەم هێرشەی هێزەئەمنییەکان ، ئەم هێزانە تەقەیان لێکردوون و پاشان لەکاتێکدا ئەم دوو لاوە هەردووکیان بریندار بوون و کەوتوون هێزەئەمنییەکان دووبارە بە دەمانچە نزیکەی ١٠ فیشەکیان لە قاچی ئارمان بەسیری داوە و بە قورسی برینداریان کردووە .
لە درێژەدا ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد ئەم دوو شارۆمەندە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بێستونی کرماشان گواسراونەتەوە و دۆخی ئارمان بەسیری ناجێگیرە .

 

بنەماڵەی ئەم دوو شارۆمەندە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن و هەڕەشەکردن" لە هێزەکانی ئەمنییەکان ، منداڵەکانیان دادگایی دەکەن و مافیان نییە لەم ڕووداوە میدیاکان ئاگاداربکەنەوە

 

 

 

 

 

07:06 - 17/4/2024 نوێ کراوەتەوە.