ژنان

مەریوان: شلێر رەسووڵی لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەستدا 

06:44 - 8/9/2022

مەریوان: شلێر رەسووڵی لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەستدا 

هانا: ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی خرمانانی ١٤٠١، شلێر رەسووڵی تەمەن ٣٦ ساڵ، خێزاندار و دایکی کوڕێکی ١٦ ساڵان و کچێکی ١٣ ساڵان خەڵکی "جەمشیدەر" لە ناوچەی سەوڵاوا و نیشتەجێی مەریوان کە لە ترسی دەستدرێژی خۆی لە پەنجەرەی بینایەکەوە فڕی دابووە خوارەوە پاش ٦ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ گیانی لەدەستدا. 


شایانی باسە ناوبراو کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە ١٢ی خرمانان لەلایەن کەسێکەوە لە گەڕەکی "محەممەدییە"ی مەریوان بە ناوی "گۆران قادری" بە بیانووی نەخۆشی هاوسەرەکەی داوای هاوکاری لێ کراوە بەڵام مەبەستی خراپە و دەسدریژی بووە. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "گۆران قادری" بە بیانووی نەخۆشی ژنەکەی، شلێر رەسووڵی کە دراوسێیان بووە بۆ هاوکاری بانگ کردووەتە ماڵی خۆیان و لە کاتێکدا کە ویستوویە دەسدرێژی بکاتە سەر، شلێر رەسووڵی بۆ ئەوەی رزگاری بێ و لە تاوان لە پەنجەرەوە خۆی فڕێداوەتەخوار. 

دوای ئاگادار بوونی جیرانەکان "گۆران قادری" هەڵاتووەتە ماڵی دراوسێکان و دەرکای ماڵەکانی شکاندووە و ژن و منداڵی چەند بنەماڵەی لە خەو هەستاندووە و بە بارمتە گرتوونی و ئەم دۆخە تا کاتژمێر پێنجی بەیانی درێژەی بووە تا بە تەقەی پۆلیس و گازی فرمێسک رێژ و هاوکاری خەڵکی ئەو گەڕەکە، دەستبەسەر کراوە. 

شایانی باسە شلێر رەسووڵی بە هۆی ئەوەی بە خەستی بریندار ببوو رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو. 

بەپێی ئەم راپۆرتە، سێشەممە ١٥ی خرمانان ژمارەیەک چالاکی ژنان لە بەر دەرکی دادگای مەریوان بۆ ناڕەزایەتی بە نەبوونی ئەمنییەت و ئاسایش بۆ ژنان لە کۆمەڵدا بە دانی درۆشمی جۆراوجۆر خوازیاری دابینکردنی ئەمنییەت بۆ ژنان بوون. 

07:06 - 8/9/2022 نوێ کراوەتەوە.