کۆڵبەر

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بریندار بوونی لانیکەم ٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەنیزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان

06:30 - 8/3/2024

ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بریندار بوونی لانیکەم ٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەنیزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان

هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایانگەیاند کە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان لانیکەم ٧ کۆلبەر بریندار بوون.


بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە دەستمان ؛ شەوی چوارشەممە "١٦ی رەشەمەی ١٤٠٢" لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە ، ٦ کۆڵبەر بە ناوەکانی "ئیدریس خاک پوور" "حەیدەر (پاشناو نادیار)" خەڵکی سەقز، ئێحسان عەبدوڵڵازادە تەمەن ١٩ ساڵ ، "زانیار سیاحی" خێزاندار باوکی دوو منداڵ و خەڵکی بانە ،کەریم (پاشناو نادیار) و زانیار (پاشناو نادیار) خەڵکی بانە  قاچیان بە قورسی بریندار بووە .

بە پێی زانیاریەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، ئیدریس خاک پور و حەیدەر لە لایەن هێزەنیزامییەکانەوە دەستبەسەر و لێیان دراوە و ئەشکەنجە دراون و لە مەودای  یەک مەتریەوە تەقەیان لەم دوو کۆڵبەرە کردووە و لە ئاکامی ئەم تەقە کردنە قاچیان بە قورسی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی بانە ڕاگوێزراون .

سەرچاوەکە لە درێژەدا زیادی کرد ، زانیار سیاحیش بە هۆی تەقەی هێزەنیزامییەکان قاچی بە قورسی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەیەک لە تەورێز ڕاگوێزراوە .

هەر وەها ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی گفتوگۆ لەگەڵ هانا زیادی کرد ، هێزەنیزامییەکان بەم کۆڵبەرانەیان ڕاگەیاندووە لەگەڵ ئۆرژانس (فریاکەوتن) پەیوەندی بگرن لە بەر ئەوەی پێویستیان پێیان دەبێت پاشان کە کۆڵبەرەکان ویستوویانە ڕاکەن لە مەودای چەن مەتریەوە تەقەیان لێکردوون .

هەروەها لە شەوی هەمان ڕۆژدا بە تەقەی هێزەنیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێک بە ناوی "ئەرسەلان نەزەری" خەڵکی ئاوایی "موالی نەجەف"ی شاری داڵاهو ، قاچی بریندار بووە .