ژنان
تاران: کچێکی کورد بە هۆی ئەشکەنجەی "گەشتی ئیرشاد" وشیاری خۆی لەدەستداوە
12:51 - 15/9/2022
هانا: رۆژی سێشەممە ٢٢ی خرمانانی ١٤٠١، کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی (مەهسا) تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی "گەشتی ئیڕشاد" لە شاڕێی حەقانی دەستبەسەر کراوە و لە یەکێک لە گرتووخانەکانی "پۆلیسی ئەمنییەت ئەخلاقی" لە شەقامی "وزەرا"ی تاران بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر وشیاری خۆی لەدەستداوە.
شایانی باسە تەنیا دوو کاتژمێر دوای گرتنی ژینا ئەمینی (مەهسا)، پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرا رایانگەیاندووە هاوکات سەکتەی مێشک و دڵی گرتووە و گوتوویانە بە هۆی سەکتەوە مێشکی لە کار کەوتووە و وشیاری خۆی لەدەستداوە.
جێگای ئاماژەیە ژینا ئەمینی لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت و گەڕان سەردانی تارانیان کردبوو.
شایانی باسە برای ژینا ئەمینی بە ناوی کیارش ئەمینی لەم بارەوە وتوویە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی رێگەیان نەداوە بنەماڵەکەمان فیلم هەڵگرن بەڵام سەروچاو و لاقی ژینا ئەمینی شین و مۆر بووەتەوە و ئاسەواری کوترانی پێوە دیارە.
بەپێی بەندەکانی ٣، ٥ و ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی ژینا ئەمینی پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بەرپرسایەتی گیان و ژیانی دەکەوێتە ئەستۆی بەپرسانی پۆلیس و گرتووخانە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
04:04 - 16/9/2022 نوێ کراوەتەوە.
زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە:
- سۆما پوور محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوور خرانەوە مەحکوم بوو
- سەقز ؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەنیزامییەکان
- بریندار بوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەنیزامییەکان لە سنووری بانە
- تارق رەحیم پوور شارۆمەندی خەڵکی سنە سزای 3 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا
- سنە؛ دەستبەسەرکرانی شارۆمەندێک بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە