هەواڵ

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ؛ دەرکرانی حوکمی سێدارە لە دژی چوار زیندانی سیاسی کورد بە توندی مەحکوم و پێچەوانەی سەرجەم بنەماکانی مافەکانی مرۆڤە

12:03 - 8/1/2024

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ؛ دەرکرانی حوکمی سێدارە لە دژی چوار زیندانی سیاسی کورد بە توندی مەحکوم و پێچەوانەی سەرجەم بنەماکانی مافەکانی مرۆڤە

بە دەرکرانی حوکمی سێدارەی چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی ، وەفا ئازەر بار ، موحسین مەزڵووم و محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی و ڕەوانە کرانی دۆسیەکە بۆ جێبەجێکاری سزاکانی دادگای تاران پاش پشتڕاست کرانی حوکمەکەیان لە دیوانی باڵای وڵات ، مەترسی جێبەجێ کرانی حوکمی لە سێدارەدانی ئەم چوار زیندانیە سیاسیە زۆر جدییە و لە هەر ساتێکدا لە ژێر مەترسی تەنافەکانی سێدارەی کۆماری ئیسلامیدان .


لە کاتێکدا ئەم چوار زیندانیە سیاسیە  نزیک بە ١٨ مانگە بە شاردنەوە و بێ سەروشوێن کردنیان ، لە پڕۆسەی دادگایی کرانێکی دادپەروەرانە بە تەواوەتی مەحروم کرابوون ، زنیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی قازی "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لە سێدارەدان مەحکوم کران . لە رۆژانی ڕابردوودا پاش پەسند کرانی ئەم حوکمە لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات ، دۆسیەکە بۆ جێبەجێ کاری سزاکانی دادگای تاران نێردراوە و لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە حوکمی سێدارەی ئەم چوار زیندانیە سیاسیە جێبەجێ بکرێت .

موحسن مەزڵوووم خەڵكی مەهاباد، هەژیر(محەممەد) فەرامەرزی خەڵكی دێولان سەر بە شاری سنە، وەفا ئازەربار خەڵكی بۆکان و پژمان فاتحی خەڵکی کامێران چوار ئەندامی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران ، ڕۆژی یەکی گەلاوێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە گوندی "یەنگیجە" سەر بە ناوچەی سۆمای ورمێ دەسبەسەر کران .
پاش تێپەڕ بوونی چەند مانگێک کۆماری ئیسلامی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرە ملێی ئەم زیندانیانەی بڵاو کردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەوان "ئامانجی تەقینەوە لە یەکێک لە کارخانەکانی فڕۆکەسازی ئیسفەهانیان هەبووە" حزبی کۆمەڵەی کوردستان تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئەندامەکانی خۆی  رەد کردەوە و ئەمەی بە بیانوویەک بۆ سەرکوتی هەرچی زیاتری کوردستان و خەباتی خەڵک زانی و هەر وەها پشتڕاستی کردەوە کە ئەم چوار کەسە بۆ ئەنجامدانی چلاکی تەشکیلاتی چوونەتە ناوخۆی ئێران و هیچ جۆرە چەک و تەقەمەنیەکیان پێ نەبووە .
لەگەڵ ئەوەیکە ئەم چوار زیندانیە سیاسیە نزیکەی ١٨ مانگی ڕابردوو لە بێ ئاگایی تەواودا بوون و حکومەت لە بەرامبەر بار و دۆخی ئەواندا بە هیچ شێوەیەک وڵامدەرەوە نەبووە ، حوکمەکانی دوور لە یاسا و دژە مرۆڤایەتیەکانیان لە کاتێکدا پەسند کراوە کە لەم ماوەدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو ، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هیچ کەسێک ئاگاداری شوێنی دەستبەسەر کران و چارەنووسیان نەبووە و نیە .
لە بابەت ئەوەیکە ئەم چوار زیندانیە لە دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە بە تەواوەتی بێبەش کراون و پارێزەری دیاریکراوی بنەماڵە تەنانەت مافی چاو لێکردنی دۆسیەکەیانی نەبووە ؛ هەر بەو جۆرەیکە بەرێز مەسعود شەمس نژاد پارێزەری بنەماڵەی ئەم چوار زیندانیە سیاسیە ڕایگەیاندووە ، پڕۆسەی دادگایی کردن و مەحکوم کرانی کۆتایی سێدارە دادپەروەرانە و ڕەوا نیە .
بە سەرنجدان بە ڕاگەیاندنەکانی دامودەزگا ئەمنیەکان کە تەنانەت بەبێ لە بەرچاوگرتنی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی و بەر لە دەستپێکی قۆناغەکانی دادرەسی  تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ موسادیان خستە پاڵ ئەم زیندانیەیانە ، هەر وەها بە لەبەرچاو گرتنی بڵاو کردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم چوار زیندانیە سیاسیە لە مانگەکانی ڕەزبەر و سەرماوەزی ١٤٠١ ، کە بە چاوخشاندنێک لە سەر دەزگای سەرکوتی کۆماڕی ئیسلامی زۆر ڕوونە کە دانپێدانانەکان لە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە بووە .
لەو ئاراستەوە کە بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافی ئازادی ڕادەربڕین و هەبوونی ئەحزابی سیاسی لە مافە بنەڕەتیەکانی خەڵکی وڵاتێکە و بە سەنجدان بەوەیکە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاست نەیارانی و ئازادیخوازان کارنامەیەکی ڕەشی هەیە و بۆ وەلانان و نەهێشتنیان، تاوانی خستوونە پاڵی و دژی چین و توێژە جوراوجۆرەکانی کۆمەڵی ئێران کەڵکی لە پەروەندەسازی ئەمنییەتی  وەرگرتووە و لە ریزی ئەو حکومەتانەیە کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و بە توندی دەزگای سەرکوت بەکار دەهێنن  :

ئێمە کۆمەڵێک لە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ مەحکوم کردنی توندی پەسندکرانی حوکمی سێدارە لە دژی ئەم زیندانیە سیاسیانە ؛ پڕۆسەی دادڕەسی نادادپەروەرانە و دژە مرۆیی ، دانپێدانانی زۆرە ملێ و درووست کردنی سیناریۆی ئەمنییەتی لە دژی ئەم زیندانیانە بە پێچەوانەی هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی دەزانین و باوەڕمان وایە پێویستە قۆناغەکانی دادڕەسی ئەم چوار چالاکە سیاسیە بە چاوەدێری وردی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام بدرێت . بە پێچەوانەی ئەوە هەر جۆرە تۆمەت و پێدانی حوکمێک لە سەر بنەمای دانپێدانانی زۆرە ملێ نایاسایی و پێشێلکردنی سەرجەم مافەکانی مرۆڤە .
ئێمە داوا لە سەرجەم مرۆڤە ئازادیخوازەکان ، چالاکانی مەدەنی و میدیایی ، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامو دەزگا نێودەوڵەتیەکان دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێ کرانی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە .      

١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
ناوەندی مافی مرۆڤی ئەحواز
ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس
ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران - چاو نیوز

گروپی مافی مرۆڤی بلوچستان
شەبەکەی رەسانەک 
رێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات
کومیتەی ئازادی زیندانیانی سیاسی لە ئێران
سەربەخۆیی و یەکسانی پایداری ژنان(واریز)
سەنتەری بەرگری لە دیموکراسی لە ئێران
ژینا میدیا
کەناڵی ندای زاگرۆس
کوردستان تریبوناڵ
ئاوا توودەی

11:38 - 9/1/2024 نوێ کراوەتەوە.