هەواڵ

سووڕانەوەی دڕۆنەی سیخوڕی بە سەر ئاسمانی بنکەکانی کۆمەڵە و هەڕەشەی "باقری" لە حزبەکانی کوردستان 

12:52 - 20/9/2021

سووڕانەوەی دڕۆنەی سیخوڕی بە سەر ئاسمانی بنکەکانی کۆمەڵە و هەڕەشەی "باقری" لە حزبەکانی کوردستان 

هانا: بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی بە هانا گەیشتوون، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٢٨ی خرمانانی ١٤٠٠ – (١٩ی سپتەمبری ٢٠٢١) کاتژمێر ٦ و پازدە خولەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی نەناسراو بە سەر ئاسمانی بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان خولاونەوە. 


رۆژی یەکشەممە "تەسنیم" هەواڵنێری سپای پاسداران، لە زمان سەر لەشکر باقری، بەرپرسی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری داوەتە بەرپرسانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان و گوتوویە: لەو ناوچەیە فێرگە و رادیۆ و تلویزیۆن و ئوردوگایان هەیە. 
"خاکپوور" فەرماندە هێزی زەوینی سپای پاسداران، پێشتر هەڕەشەی لە حزبەکانی کوردستان کردبوو و دوای ئەمە لەم مانگەدا بنکەکانی کۆمەڵە و دێموکڕات لە سنوورەکان چەندین رۆژ بەردەوام کەوتوونە بەر هێرشی دڕۆنە و تۆپباران کراون. بەم پێیە شیمانەی ئەوە دەکرێ ئەم فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەش هەر سەر بە ئێران بن. جگە لەوە رۆژی شەممە ٢٧ی خرمانان فڕۆکەی شەڕکەریش بە سەر ئاسمانی بنکەکانی ناوەندیی کۆمەڵەدا سووڕابوونەوە کە راپۆرتەکەییمان بڵاوکردەوە. 
جێگای ئاماژەیە، لە دەوروبەر و ناو ئەو مقەڕ و ئوردوگایانەدا، خەڵک و کەسانی مەدەنی نیشتەجێن و هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەم شوێنانە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. 

12:55 - 20/9/2021 نوێ کراوەتەوە.