هەواڵ

مەرگەوەڕ: بێسەروشوێن بوونی سێ کۆڵبەر پاش تێپەڕبوونی ١٠٠ رۆژ  

10:39 - 23/4/2022

مەرگەوەڕ: بێسەروشوێن بوونی سێ کۆڵبەر پاش تێپەڕبوونی ١٠٠ رۆژ  

هانا: رۆژی شەممە ٣ی گوڵانی ١٤٠١ – (٢٣ی ئاپریلی ٢٠٢٢)، پاش چەند جار و دیسانەوە گوروپێک لە خەڵکی خۆبەخش بە مەبەستی دۆزینەوە تەرم یا ئاسەواری ٣ کۆڵبەری بێسەروشوێن، بەرەو بەرزاییەکانی "بنار" رۆیشتن و پاش گەڕانی زۆر دیسان بی هیچ ئاکامێک گەڕانەوە. 


ناوی ئەم کۆڵبەرانە بریتییە لە، "ئەسعەد سەیدانی فەرد" کوڕی رەحیم و خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، "بێهلون سەیدانی فەرد" کوڕی کەریم و خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و هەروەها "بارزان مەیهەنی" کوڕی شەوکەت و خەڵکی ئاوایی "باوان" لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ. 
شایانی باسە ئەم سێ کۆڵبەرە لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٠وە لە ناو بەفر و باڕنی دۆڵی "بنار" ون بوون و سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠٠ رۆژ هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. 

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، تا ئێستا هیچکام لە هێزە چەکدارەکان و هیلالی ئەحمەری حکومەتی ئیسلامی ئیران بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆڵبەرانە هیچ هاوکارییەکی بنەماڵە و خەڵکیان نەکردووە، هەر چەند هێزە چەکدارەکانی حکومەت بەڵێنیان دابوو بە هێلیکۆپتەر چیاکان بگەڕێن، بەڵام بەڵێنی خۆیان نەبردووەتە سەر و تەنانەت فەرمانداری ورمێ هەڕەشەی لە خەڵک کردووە و رایگەیاندبوو ئیتر ناهێڵین خەڵکیش بە شوێنیاندا بگەڕێن و لە ئەگەری گەڕانی خەڵک بە دوایاندا، فەرمانی تەقەی بە هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە سەر سنوور دابوو تا تەقەیان لێ بکەن. 

10:47 - 23/4/2022 نوێ کراوەتەوە.