سێدارە

جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی قزڵحساری کەرەج

10:39 - 29/1/2024

جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی قزڵحساری کەرەج

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەرلە بەیانی دووشەممە "٩ی رێبەندانی ١٤٠٢" سزای سێدارەی چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی "وەفا ئازەر بار خەڵکی بۆکان ، موحسێن مەزڵوم خەڵکی مەهاباد ، محەممەد فەرامەرزی خەڵکی دێولان و پژمان فاتحی خەڵکی کامیاران" لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا .

وەفا ، محەممەد ، موحسێن و پژمان چوار زیندانی سیاسی کورد پاش تێپەڕ بوونی ١٩ مانگ بۆ یەکەمجار و کۆتاجار لە ڕۆژی یەکشەممە "٨ی رێبەندانی ١٤٠٢" چاویان بە بنەماڵەکانیان کەوت و پاشان بۆ جێبەجێ کرانی سزای سێدارە بۆ زیندانی قزڵحساری کەرەج گەڕێندرانەوە .

شایانی باسە ئەم چوار زیندانیە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیان بە توندی ئەشکەنجە کراون و لە سەرجەم مافەکانیان بێبەش کراون .


ئەم چوار زیندانیە پێشتر لە لایەن لقی٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی قازی "ئیمان ئەفشاری" حوکمی لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرا و ئەم حوکمە لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتی قازی "قاسم مزینانی" پشتراست کرایەوە .


لە رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ لە ورمێ هەواڵی دەستبەسەر کردنی ئەم چوار چالاکە سیاسیە بڵاو کرایەوە و پاش چەند مانگ بێ هەواڵی میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی  ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرە ملێی ئەوانی لە رێکەوتی "٢٠ی رەزبەر و ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١" بڵاو کردەوە و لەم گرتە ڤیدیۆیانە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەوان نیازی ئەنجامدانی تەقینەوە لە یەکێک لە شوێنەکانی پێشەسازی هەستیاری بەرگرییان لە ئیسفەهان هەبووە کە ئەم تۆمەتانە لە لایەن بنەماڵەی ناوبراوان رەت کراوەتەوە و دامودەزگاکانی نێوەدەوڵەتی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە کە ئەم چوار کەسە لە ژێر ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی ناچار بە وتنەوەی ئەم سیناریۆانە کراون .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەگەڵ مەحکوم کردنی لەسێدارە دانی ئەم چوار زیندانیە سیاسیە ڕایدەگەینێت سزای سێدارە دەبێ بەپەلە هەڵوەشێندرێتەوە و سزای سێدارە بە پیسترین و ناشیرین ترین جۆری کوشتنی بە ئانقەست دەزانێت .

11:05 - 29/1/2024 نوێ کراوەتەوە.