هەواڵ

ئەرکی ڕاپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ و لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران درێژکرایەوە

06:34 - 4/4/2024

ئەرکی ڕاپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ و لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران درێژکرایەوە

وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوە بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، ئەرکی ڕاپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤی ئەم ڕێکخراوە سەبارەت بە ئێران و لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەک کاتدا بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە.

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە پەنجاوپەنجەمین دانیشتنی خۆیدا لە جنێڤ دەنگی لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دا کە دواجار بە ٢٤ دەنگی ئەرێنی و هەشت دەنگی نەرێنی و ١٥ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا.
24 وڵاتیش دەنگیان بەو بڕیارنامەیە دا و هەشت وڵاتیش دەنگی نەخێریان دا.

 وڵاتانی ئاڵبانی ، ئەرجەنتین، بەلجیکا ، بێنین، بولگاریا ، شیلی ، کاستاریکا ، کۆماری دۆمینیکەن ، فینلاند ، فەرەنسا ، گامبیا ، ئەڵمانیا ، هندۆراس ، ژاپۆن ، لیتوانیی ، لۆکسمبۆرگ ، مالاوی ، مۆنتینیگرۆ ، مەراکەش ، هۆڵەند ، پاراگوای ، ڕۆمانی ، سۆماڵی و ئەمریکا دەنگی ئەرێنیان بەو   بڕیارنامەیە دا.

ڤێتنام ، سودان ، ئەندەنوسیا ، ئێریترێ ، کوبا ، چین ، بوروندی و جەزائیر بە دژی ئەم بڕیارنامەیە دەنگیان دا و وڵاتانی بەنگلادیش ، بەرازیل ، کامێرون ، ساحلی عاج ، قیرغیزستان ، کوێت ، کازاخستان ، هیندستان، غانا ، گورجستان ، مالیزیا ، ماڵدیڤ ، قەتەر ، ئەفریقای باشوور و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەشدارییان نەکرد و دەنگیان بێ لایان بوو .
 
لێژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نێودەوڵەتی دوای کوژرانی مەهسا (ژینا) ئەمینی لە گرتنگەی گەشتی ئیرشاد  پێکهێنرا و بە کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگەنامەکان و ناسینەوەی تۆمەتبارانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ، هەنگاوی جددی ناوە لە پێناوی وەڵامدەروە کردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکان.

ئەم لیژنەیە کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە ئێران ، لە ڕاپۆرتێکدا لە مانگی ئێسفەندی ساڵی ١٤٠٢دا ، "هەڵاواردنی دامەزراوەیی لە دژی ژنان و کچان" لە ئێرانی بە واتای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە زانی .
 

07:03 - 17/4/2024 نوێ کراوەتەوە.